ئیسپانیا 2.2 ملیار یۆرۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی تەرخاندەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسپانیا رایدەگەیێنێت کە بڕی 2.2 ملیار یۆرۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی تەرخاندەکات. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئێستا 27٪ـی وڵاتەکە دووچاری وشکەساڵی بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت 250 هەزار کەس بەو هۆیەوە بێکاربن.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئایاری 2023، حکومەتی ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بڕی 2.2 ملیار یۆرۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی تەرخان دەکەن. 1.4 ملیاری یۆرۆ لەو پارەیە، بۆ دروستکردنی ژێرخانی ژینگەیی تەرخان دەکرێت، وەکو چاندنی ئەو نەمامانەی کە خوێیەکی زۆر هەڵدەمژن تاوەکو سوێرایی ئاو هەڵمژن و رێژەی ئاو لەنێوخۆی وڵاتەکە زیاد بکەن. 784 ملیۆن یۆرۆش بۆ جووتیاران تەرخاندەکرێت تاوەکو لە رێگەیەوە رووبەڕووی وشکەساڵی ببنەوە.
تێریسا ریبیرتا، وەزیری کشتوکاڵی ئیسپانیا گوتی، "ئیسپانیا ناوەناوە رووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە، بەڵام ئەوەی ئەمساڵانەی دوایی، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زۆر دژوارە".
مانگی نیسانی ئەمساڵ، پلەی گەرما 7 بۆ 10 پلەی سیلیزی لە پلەی گەرمیی ئاسایی زیاتربوو. بەگوێرەی وەزارەتی ژینگەی ئیسپانیا، ئێستا 27٪ـی خاکی ئیسپانیا دووچاری وشکەساڵی بووەتەوە و کۆگاکانی ئاوی وڵاتەکەش کەمتر لە 50٪ ئاویان تێدایە. لە نێوان 1ـی نیسانی ئەمساڵ تاوەکو 23ـی نیسان، تەنیا 12 لیتر بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک باران باریوە کە دەکاتە 27٪ـی رێژەی ئاسایی بارانبارین لەو وڵاتەدا.
کەمیی ئاو تەنیا زیان بە کەرتی کشتوکاڵی ناگەیێنێت، بەڵکو بێکاری زیاد دەکات و پێشبینی دەکرێت لە کۆی ئەو 850 هەزار کرێکارەکەی ئێستا لە کەرتی کشتوکاڵی ئیسپانیا کاردەکەن، 250 هەزاریان بێکار بن.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی مۆناشی ئوسترالی کە نزیکەی 20 ساڵی خایاندووە، ساڵانە پتر لە پێنج ملیۆن کەس بەهۆی سەرما و گەرمای تووندەوە دەمرن کە دەکاتە 9.4٪ـی مردنەکانی جیهان.
توێژینەوەکە لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2019 کراوە و 750 شوێنی لە 43 وڵات وەرگرتووە. تێیدا دەرکەوتووە کە لەو دوو دەیەیەدا خەڵک زیاتر بە سەرما مردوون نەک گەرما، بەڵام لە ساڵانی نێوان 2015 بۆ 2019، ژمارەی مردن بە سەرما کەمیکردووە، لە بەرامبەردا مردن بە گەرما زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئیسپانیا، ساڵی 2022، لەنێوان مانگی حوزەیران تاوەکو ئاب، چوار هەزار و 655 کەس بەهۆی گەرماوە مردوون. هەر لەو ساڵەدا، لە رۆژئاوای ئەوروپا نزیکەی 20 هەزار کەس بەو هۆیەوە مردوون.