دادگەی باڵای پاکستان: عیمران خان بە نایاسایی دەستگیرکراوە و دەبێت ئازاد بکرێت

11-05-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لەلایەن نووسینگەی نیشتمانیی بەرپرسیارێتیی داراییەوە دەستگیرکرا، خەڵکی دژی ئەو بڕیارە رژانە سەر شەقامەکان. ئەمڕۆ دادگەی باڵای ئەو وڵاتە رایگەیاند، دەستگیرکردنەوەی نایاساییە و دەبێت بە زوویی ئازاد بکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای پاکستان رایگەیاند، عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان و یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی کریکتی پاکستان "بە نایاسایی لەلایەن نووسینگەی نیشتمانیی بەرپرسیارێتی داراییەوە دەستگیرکراوە و دەبێت بە زوویی ئازاد بکرێت." 
 
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە، 9ـی ئایاری 2023، دوای ئەوەی عیمران خان لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان چووە بەردەم دادوەر، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو و لەوێ دەستگیرکرا. 
 
خۆپێشاندان دژی دەستبەسەرکردنی عیمران خان بەشێکی زۆری وڵاتەکەی گرتەوە؛ لە شاری رەواڵپەند، دەیان کەس چوونە بەردەم بنکەی سەرەکی سەربازیی پاکستان و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی عیمران خانیان کرد. لە کاراچی و چەندین شاری دیکەش بۆ هەمان مەبەست خەڵک رژانە سەر شەقامەکان.
 
لە شارەکانی کاراچی و لاهوور، پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی دژی خۆپێشاندەران بەکارهێنا و لە شارەکانی وەکو ئیسلامئاباد و پیشەوەریش خۆپێشاندەران بەشێکی شەقامە سەرەکییەکانیان داخست.
 
لەو کاتەوەی عیمران خان سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە نەماوە ژمارەیەک تۆمەتی دراوەتە پاڵ، کە چووەتەوە دادگەش، بۆ چەند کەیسێک چووە و سەرەکییەکەیان تۆمەتی گەندەڵییە.
 
ئەگەر عیمران خان زیندانی بکرێت، لە خۆ بەربژێرکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لە هەڵبژاردنی کۆتایی ئەمساڵ بێبەش دەبێت.
 
عەلی بوخاری، یەکێک لە پارێزەرەکانی عیمران خان گوتی، "کە گەیشتینە بەردەم دادگە، ژمارەیەک چەکدار دەستبەجێ هێرشیانکردە سەرمان. دواتر لە عیمران خانیان دا و بردیان."
 
تائێستا روون نییە عیمران خان براوە بۆ کوێ. رانا سەنائوڵلا، وەزیری نێوخۆی پاکستان گوتی، "عیمران خان لەلایەن دیوانی لێپرسینەوەی نیشتمانیی پاکستانەوە، کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆی دەرەوەی حکومەتە، دەستیگرکراوە و دەستگیرکردنەکەش یاساییە."
 
رۆژی دووشەممە 8ـی ئایاری 2023، سوپای پاکستان داوایان لە عیمران خان کرد "تۆمەتە بێبنەماکانی" دژی سوپای وڵاتەکە بوەستێنێت، گوایە یەکێک لە تۆمەتەکان ئەوەیە کە بەرپرسێکی سوپا هەوڵی داوە بیکوژێت. 
 
ساڵی 2018، عیمران خان بە پشتیوانی سوپا، توانی ببێتە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022دا، سوپا پشتی لە عیمران خان کرد و بووە هۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکە دەنگی پێویست بۆ بوونەوە بە سەرۆکوەزیران بەدەست نەهێنێت.
 
عیمران خان لە ساڵی 1952 لەدایکبووە و پێشتر کاپتنی هەڵبژاردەی کریکیتی پاکستان بووە، ساڵی 1992 توانیویەتی جامی جیهانی کریکت بۆ وڵاتەکەی بباتەوە. هەروەها، سەرۆکی پارتی "تەهریک ئینساف"ـە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.