ترەمپ: ئەگەر ببمەوە سەرۆک لە 24 کاژێردا کۆتایی بە شەڕی ئۆکراینا دێنم

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرینادا پشتگیری هیچ کامیان ناکات، دەشڵێت، ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردێتەوە لەماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئایاری 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند "من لە رووی بردنەوە و دۆڕانەوە بیر ناکەمەوە، بەڵام لەرووی یەکلاکردنەوەی دۆخەکەوە سەیر دەکەم. نامەوێت نە ئۆکراینییەکان و نە رووسەکان گیانلەدەستبدەن."
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێتەوە، لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەهێنێت و گوتی "بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەی، پێویستت بە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەیە."
 
ترەمپ گوتیشی، بە گفتوگۆکرن لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا کێشەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر دەکات.
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رەتیکردەوە پوتین بە "تاوانباری جەنگ" ناوببات و گوتی "ئەگەر ئەو بە تاوانباری جەنگ ناوببەی ئەوا دۆخەکە قورستر دەبێت بۆ ئەوەی کە بتوانی ئەو شەڕە بوەستێنی. ئەگەر پوتین تاوانی جەنگ بکات، ئەوا خەڵک دەستگیری دەکەن و دەیکوژن."
 
ترەمپ پێیوایە پوتین لە ئۆکراینا هەڵەی کردووە و گوتی "هەڵەی پوتین ئەوە بوو کە چووە نێو ئۆکراینا، ئەگەر من سەرۆک بوومایە، پوتین هەرگیز نەدەچووە نێو خاکی ئۆکرایناوە."
 
ترەمپی تەمەن 76 ساڵ، خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی 2024ـی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەربژێر کردووەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە چەندین تۆمەتی ئاراستە کراوە و بەشێک لە تۆمەتەکانیشی بەسەردا ساخبوونەتەوە.