راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ رووداو: پشتگیریی دامەزراندنی ناوەندی وەرگرتنی پەناخوازان لە دەرەوەی سنووری یەکێتیی ئەوروپا ناکەم
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پشتگیری لە دامەزراندنی ناوەندی وەرگرتنی پەناخوازان لە دەرەوەی سنووری یەکێتیی ئەوروپا ناکات، بەڵام پشتگیری لە پاراستنی سنوورەکانی یەکێتییەکە دەکات بۆ کەمکردنەوەی پەناخوازان.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پرسی کۆچبەران وەڵامی زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، تۆمارکردنی پەناخوازان لە وڵاتانی سەر سنووری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا پێویستە باشتر بکرێت.
رۆژی چوارشەممە (10ـی ئایاری 2023) راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا کۆبووەوە بۆ دۆزینەوە رێگەچارەیەک بۆ قەیرانی کۆچبەران کە چەند ساڵێکە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە و بەگوێرەی ئامارەکانیان، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 101 هەزار و 981 داواکاری مافی پەنابەریێتی لە ئەڵمانیا پێشکێش کراون، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ئاماری چوار مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەڕێژەی 78٪ زیاترە.
ساڵی رابردوو، نزیکەی 218 هەزار داواکاریی مافی پەنابەریێتی لە ئەڵمانیا پێشکێشکران، ئەم ژمارەیەش زۆرترین داواکاری پەنابەریێتی بوو لە ساڵی 2015 و 2016ـەوە و زۆرترین ئەو کۆچبەرانەشی چوونەتە ئەڵمانیا، خەڵکی سووریا، ئەفغانستان، تورکیا و عێراق بوون.
لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە ملیۆنێک ئۆکراینی لە سەرەتای جەنگی رووسیا - ئۆکراینا روویان لە ئەڵمانیا کردووە.
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، سەرکردەکانی هەر 16 هەرێمی ئەڵمانیا، داوایان لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا کردووە هاوکاریی زیاتری هەرێمەکان بکات تاوەکو بتوانن بەرگەی ئەو شەپۆلەی کۆچبەرییە بگرن، ئەمەش لەکاتێکدا لە زۆربەی هەرێمەکان، شێڵتەری کاتی بۆ کۆچبەرە نوێیەکان دانراوە.
بۆ سووککردنی فشاری هەرێمەکان و بەگوێرەی رەشنووسێکی حکومەتی ئەڵمانیا، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا پێشنیازیان کردووە سنوورەکانی وڵاتەکەیان توندتر بکەن و خاڵی پشکنینی تێدا جێگیر بکەن، تاوەکو رێگە لە هاتنەناوەوەی کۆچبەری نایاسایی بگیرێت.
لە رەشنووسەکەی حکومەتی ئەڵمانیادا هاتووە "بەگوێرەی دۆخەکە، حکومەت رێکارە ئەمنییەکانی کە لەگەڵ سنووری نەمسا هەیەتی، لە سنوورەکانی دیکەی ئەڵمانیا جێبەجێ دەکات".
سنوورەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ نەمسا تاکە خاڵی سنووری ئەڵمانیان کە خاڵی پشکنینی هەیە و هەرکەسێک پێیدا تێپەڕێت، پاسپۆرتەکەی دەپشکنرێت، لەکاتێکدا ئەڵمانیا هاوسنوورە لەگەڵ بەلجیکا، کۆماری چیک، دانیمارک، فەرەنسا، لۆکسەمبۆرگ، هۆڵەندا، پۆڵەندا و سویسرا.
حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە لە ساڵی 2022، زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری لە چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران لەو وڵاتە خەرج کردووە، کە 15 ملیاری تایبەتکراوە بە دابینکردنی پێداویستی و شوێنی مانەوە بۆ کۆچبەران. بەڵێنیشی داوە بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 15 ملیار یۆرۆی دیکە (16.4 ملیار دۆلار) بۆ هەرێمەکان دابین بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران، بەڵام هەرێمەکان دەڵێن ئەو بڕە کەمە.
کریستیان لیندنەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا لەمبارەیەوە دەڵێ "زۆر لەمێژە، ئێمە ئەرکی سەرشانی ئەو کەسانەمان زەحمەت کردووە کە دەیانەوێت بێنە ئەڵمانیا لەکاتێکدا ئێمە پێویستمان پێیانە و بیرێکی رۆشن و دەستێکی ماندوویان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، لەمێژە ئێمە ئاسانکاریمان بۆ ئەوانە کردووە، کە دەبێ ئەم وڵاتە بەجێبهێڵن، چونکە ئەوان بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ئەڵمانیا و ئەمەش دەبێ بگۆڕدرێت".
بەگوێرەی رەشنووسەکەی حکومەت کە رۆژی چوارشەممە (10-5-2023) لەگەڵ سەرۆکەکانی هەرێمەکانی ئەو وڵاتە تاوتوێیان کردووە، ئەوان گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی بۆ "گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی پێویستە وڵاتەکە جێبهێڵن، بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتوون، هەربۆیە پێویستە هاوئاهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک لەو وڵاتانە پتەوتر بکرێت".
پارتی دیموکراتی ئازادیی ئەڵمانیا (FDP)، بەشێکە لە حکومەتی ئەڵمانیا و شان بە شانی پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی دەسەڵاتدار و پارتی سەوز، داوای کردووە ژمارەی وڵاتە "سەلامەتەکان" فراوانتر بکرێت.
هەروەها لە رەشنووسەکەدا هاتووە؛ حکومەت پشتگیریی ئەو پێشنیازە دەکات بۆ توندکردنی سنوورە دەرەکییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و جێگیرکردنی خاڵی پشکنینی بەردەوام لەنێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
بەگوێرەی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، لە رەشنووسەکەدا، داوا دەکرێت پرۆسەی وەڵامدانەوەی داواکاری مافی پەنابەریێتی و پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەش خێراتر بکرێن.
چوونی شەپۆلی کۆچبەران بۆ ئەڵمانیا، هاوکاتە لەگەڵ فراوانبوونی لایەنگریی ئەڵمانییەکان بۆ پارتی ئاڵتێرناتیڤی ئەڵمانی کە پارتێکی دژەکۆچبەری راستڕۆیە بەتایبەتی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا.
بەگوێرەی دوایین راپرسی، 15٪ـی ئەڵمانییەکان پشتگیریی ئەو پارتە راستڕۆیە دەکەن، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی پاڵپشتی ئەڵمانییەکانە بۆ ئەو پارتە بەراورد لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەڵمانیا لەساڵی 2021، کە تێیدا لەسەدا 10.3٪ دەنگەکانی بەدەست هێنا.