پۆلیسی ئیتاڵیا: 29 قاچاخچیمان دەستگیرکرد کە سەرکردەکانی باندەکە کورد بوون

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئیتاڵیا ئاشکرای کرد 29 کەسیان بە تۆمەتی قاچاخچیێتی دەستگیر کردووە، کە چەندین ساڵە کۆچبەری نایاسایی لە رێگەی دەریاوە دەگەیێننە ئیتاڵیا و لەوێشەوە رەوانەی وڵاتانی باکووری ئەوروپایان کردوون، سەرکردەکانی ئەو باندەی بەقاچاخبردنیش کوردی هەرێمی کوردستان بوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئایاری 2023، پۆلیسی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای کرد لە ئەنجامی چوار ساڵ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، لە هەڵمەتێکدا باندێکی قاچاخچییان دەستگیرکردووە.
 
هەڵمەتەکە بە سەرپەرشتیی داواکاری گشتی لە شاری کالابێرا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچووە، ئەو ناوچەیەی زۆرترین کۆچبەر لە تورکیا و یۆنانەوە بەشێوەیەکی نایاسایی لە رێگەی دەریاوە رووی تێدەکەن.
 
بەگوێرەی پۆلیسی ئیتاڵیا، هەندێک لە کۆچبەرەکان نزیکەی 15 هەزار یۆرۆیان داوەتە قاچاخچییەکان بۆ ئەوەی لە رێگەی دەریاوە بیانگەیێننە ئیتاڵیا و لەوێشەوە لەرێگەی وشکانییەوە لە سنووری باکووری ئیتاڵیاوە بە لۆری، شەمەندەنەفەر، یان تاکسی رەوانەی یەکێک لە وڵاتانی باکووری ئەوروپایان بکەن. 
 
زۆرترین رێگە کە باندەکە بەکاریانهێنابێت لە گواستنەوەی کۆچبەران؛ شاری ڤێنتیمێگیلیا بووە لە باکووری ئیتاڵیا کە هاوسنوورە لەگەڵ فەرەنسا. هەروەها شاری ترێستی لە رۆژهەڵاتی ئیتاڵیا، کە هاوسنوورە لەگەڵ سلۆڤینیا. 
 
پۆلیسی ئیتاڵیا ئەوەشی ئاشکرا کردووە هاوکارانیان لە تورکیا، یۆنان، بەلجیکا، ئەڵمانیا، سوێد، بەریتانیا و مەغریب لە لێکۆڵینەوەکاندا هاوئاهەنگیان لەگەڵدا کردوون، کە بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی ئەو گومانلێکراوانە.
 
ئۆپەراسیۆنی پۆلیسی ئیتاڵیا لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد، 200 ئەفسەر و پۆلیسی ئیتاڵی لە چەندین شار و خاڵی گواستنەوەی کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە لە شارەکانی میلان و تۆرینۆ بڵاوەیان پێکرا. 
 
پۆلیسی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەداوە، ئەوانەی دەستگیرکراون، رەنگە تۆمەتبار بکرێن بە هاوکاریکردنی گواستنەوەی نایاسایی کۆچبەران، هەروەها سپیکردنەوەی پارە کە پەیوەندی بە 30 کاروانی کۆچبەری نایاساییەوە هەیە. 
 
پۆلیس دەڵێت زۆربەی ئەوانەی کاریان لەو باندەدا کردووە، خەڵکی ئۆکراینا و وڵاتانی سۆڤیەتی کۆنن، بەڵام سەرکردەکانی باندەکە خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون. زۆربەی ئەو کۆچبەرانەشی لەلایەن باندەکەوە گەیێندراونەتەوە ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیایی بوون.