ئیلۆن مەسک دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێنێتەوە بۆ نێو تویتەر
رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و سەرمایەداری نێوداری ئەمریکی بەرەچەڵەک ئەفریقای باشووری دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە نێو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر.
ئیلۆن مەسک، کاتێک لە 25ـی نیسان کڕینی تویتەری بە 44 ملیار دۆلار راگەیاند، بەڵێنیدا تۆڕەکە بکاتە "سەدای ئازادی رادەربڕین."
گەڕاندنەوەی ترەمپ بۆ تویتەر، بە پێوەری گۆڕانکارییەکانی ئیلۆن مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لێکدەدرێتەوە، بەتایبەتی بۆ کەسێکی وەکو ترەمپ کە تۆمەتبار دەکرێت بە هاندانی خەڵک بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021.
تویتەر هاوشێوەی زۆربەی پلاتفۆرمەکانی دیکە، چەندین کەسایەتی لە تۆڕەکەی دوورخستووەتەوە لەسەر پێشێلکردنی سیاسەتیی کارکردن یاخود بڵاوکردنەوەی زانیاری نادرووست و هاندانی تووندوتیژی.
لە کاتی قسەکردن لە کۆنفرانسی "فاینانشیال تایمز"، ئیلۆن مەسک رایگەیاند کە ئەو و جاک دۆرسی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی تویتەر هاوڕان کە دەبێت دوورخستنەوەی خەڵک بەشێوەی هەمیشەیی لە تۆڕەکەیان "زۆر دەگمەن" بێت.
تویتەر، ترەمپی لە کانوونی دووەمی 2021 و لە دوای هێرشی لایەنگرانی بۆسەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە تۆڕەکەی دوورخستەوە. دوای نزیکەی 5 مانگ و لە 4ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ، کۆمپانیای فەیسبووکیش هەنگاوێکی هاوشێوەی هاوێشت و ترەمپی لە تۆڕەکەی بۆ ماوەی 2 ساڵ سڕکرد.
ئەوکات فەیسبووک کارەکانی ترەمپی بە پێشێلکردنی یاساکانی نێوبرد و رایگەیاند، " کارەکانی ترەمپ پێشێلێکی تووندی یاساکانی فەیسبووک بوون."
ترەمپ لە وەڵامدا بڕیارەکەی فەیسبووک بە هێرشکردنەسەر ملیۆنان ئەمریکی کە دەنگیان بۆ داوە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی رابردوودا ناوبرد.
مەسک دەڵێت، "ئازادی رادەربڕین بنچینەی دیموکراسییەکی کارایە. تویتەریش سەرایەکی دیجیتاڵییە کە پرسی گرێدراو بە داهاتووی مرۆڤی تێدا دەخرێتە بەرباس."
ئیلۆن مەسک رەخنەگرێکی دیاری کۆمپانیای تویتەر بوو، کاتێک تۆڕەکەی کڕی، زیاتر لە 83 ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەبوو، بەردەوام لە پۆستەکانیشیدا کاریکاتێر و وێنەی پڕ لە توانجی بڵاودەکردەوە.
مەسک چەند کاژێرێک بەر لە کڕینی تۆڕەکە رایگەیاند، "هیواخوازم تاوەکو سەرسەختترین رەخنەگرانی منیش لەسەر تویتەر بمێننەوە کە ئەمە مانای ئازادی رادەربڕینە."
بە گوێرەی گۆڤاری فۆربس، ئیلۆن مەسک سەرمایەکەی دەگاتە 264 ملیار دۆلار، ئەمەش دەیکاتە سەرمایەدارترین کەسایەتی لە جیهان کە دوای ئەو، جێف بیزۆسی، خاوەنی ماڵپەڕی ئەمازۆن دێت بە بڕی 170 ملیار دۆلار.
ئیلۆن مەسک لە 28ـی کانوونی دووەمی 1971 لە پریتۆریای ئەفریقای باشوور لەدایکبووە، سێ جار هاوسەرگیری کردووە و خاوەن وڵاتینامەی ئەمریکییە و باوکی هەشت منداڵە.
ئیلۆن مەسک دامەزرێنەری هەردوو کۆمپانیای بۆشایی ئاسمانی سپەیس ئێکس و کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلایە کە یەکیان داهاتەکەی لە 2018ـدا بە دوو ملیار دۆلار مەزندە دەکرا و ئەوەی دیکەشیان بە 53 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.