نۆڤۆسیبیرسك.. نیشتیمانی كوردان لە سیبیریا

11-05-2017
ساڵحێ كەڤربڕی
نیشانەکردن سیبیریا
A+ A-

رووداو – نۆڤۆسیبیرسك/ سیبیریا

ئەو كوردانەی بە وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوودا بڵاوبوونەتەوە، لە زۆر شوێن و دەڤەر و هەرێم هەوڵی ژیانێكی ئاسوودە دەدەن. یەكێك لەو ناوچانەش هەرێمی سیبیریایە لە باكووری رووسیا. لەو شوێنە دوورەدەستە ساردەی دنیا چەندین كارسازی دیار و وەرزشوانی كورد هەڵكەوتوون.


نۆڤۆسیبیرسك و تۆمسك دوو شاری سەرەكیی هەرێمی سیبیریان لە رووسیا كە دەرگایان بۆ كوردی وڵاتانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو كردەوە، بە تایبەتی لە كاتی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ناوەڕاستی نەوەتەكانی سەدەی رابردوو.

بەر لە شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە هەرێمی ناگۆڕنۆقەرەباغ، بە تەنیا كوردێك لە هەرێمی سیبیریا هەبوو، ئەویش محەممەدێ‌ ئەسۆیی ئۆسێ‌ بوو.  

محەممەد كارسازێكی دیاری كوردە لە شاری نۆڤۆسیبیرسكی سیبیریا، لە ئۆفیسی كۆمپانیاكانی و لە شوێنی كارەكانیدا ئاڵای كوردستانی داناوە. ئەو دەڵێت "پێشتر كرمانج (كورد) لە سیبیریا نەبوون، كرمانج بۆ یەكەمجار لە دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت هاتنە سیبیریا. خەڵكێكی زۆر لە ئەرمەنستان و جۆرجیا و لە ئازەربایجانەوە روویان لەو شارەی ئێمە كرد. ئێستا نزیكەی 12- 15 هەزار كرمانج لە نۆڤۆسیبیرسك هەن. پێشتر تەنیا من و خێزانەكەم بووین".

سەرجەم ئەو كوردانەی لە سیبیریا دەژین، زیاتر لە سەدەیەك لەمەوبەر لە باكووری كوردستان، لە وان، ئاگری، قەرسێ‌ و ئیدر دەژیان، بەڵام دوای كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان لەسەر دەستی سوپای عوسمانی، ئاوارەی وڵاتانی قەفقاسیا بوون.

عەلیخانێ‌ حەسەنێ‌ شەرۆ كە كوردێكی نیشتەجێی سیبریایە، دەڵێت "باپیرانی ئێمە لە ساڵی 1915 لە قەرسێ‌ چوونەتە ئەرمەنستان، تاوەكو ساڵی 1995 لە ئەرمەنستان بووین. ئێستاش خوشكێكم لەوێیە. باوكم سەردانی دەكات، دوای شەڕی ئەرمەنستان و ئازەربایجان روومان لە سیبیریا كرد".

هەر لەوبارەوە عەگیدێ‌ فەیزۆی خودۆ چیرۆكی چوونی خۆی بۆ سیبیریا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "من لە ساڵی 1988 خزمەتی سەربازیی رووسیام تەواو كرد، ژیانم لە ئەرمەنستان زۆر ناخۆش بوو، بیرم لەوە كردەوە بچمە شوێنێكی دیكە، ژیانێكی باش بۆ خێزانەكەم دابین بكەم، ئەوكات ژنم هێنابوو، منداڵێكیشم هەبوو، ئیدی هاتم بۆ سیبیریا و لە شاری تۆمسكی نیشتەجێ بووم".

بەشێكی زۆری كوردەكانی سیبیریا چیرۆكی كۆچكردنیان دەبەستنەوە بە شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجانەوە كە لەساڵی 1988 هەڵگیرسا و لەساڵی 1994 كۆتایی هات.

جەمالێ‌ یوسفێ‌ عەلی، كارمەندی پێشووی رادیۆی یەریڤان كە ئێستا لە نۆڤۆسبیریسك دەژی، دەڵێت "كە شەڕ لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان بەرپا بوو، زەحمەتیی زۆر بۆ ئێمە دروستبوو، دەبووایە رۆڵەكانی ئێمە لە ریزی سوپای ئەرمەنستاندا شەڕی ئازەربایجان بكەن، بەڵام ئێمە ئەوەمان نەدەخواست، چونكە ئێمە دەمانگوت چۆن شەڕی سوپای ئازەربایجان بكەین، لە كاتێكدا ئەوان دۆستی ئێمەن، بۆیە زۆربەمان كۆچمان كرد بۆ سیبیریا".

نۆڤۆسیبریسك لە سیبیریا، دوای مۆسكۆ و سانت پێترسبۆرگ، لە رووی ژمارەی دانیشووانەوە سێیەم گەورەترین شاری رووسیایە كە ژمارەی دانیشتووانەكەی 2.5 ملیۆن كەسە.

یەكەمین كوردی سیبیریا، چیرۆكی چوونی خۆی بۆ ئەو هەرێمە دەگێڕێتەوە و دەڵێت باوك و باپیرانی لە ساڵی 1915 لە باكووری كوردستانەوە چوونەتە ئەرمینیا، ئەو ساڵی 1965 بەشی فیزیای لە زانكۆ تەواو كردووە و ساڵی 1977 چووەتە شاری نۆڤۆسیبیرسك.

محەممەد ئێستا یەكێكە لە پیاوماقوڵانی كورد لە شارەكەی خۆیدا. دڵسۆزیی ئەو پیاوە لە كاركردندا وایكرد  سەرنجی رووسەكان بۆ لای خۆی رابكێشێ‌ و لە یەكێك لە گەورەترین كارگەكانی بەرهەمهێنانی فڕۆكە لە رووسیا دابمەزرێ‌ كە كارگەی چكالۆڤە.

محەممەد لە ساڵی 1991 وەكو ئەندازیاری تەكنیك لە كارگەكە دادەمەزرێ‌ و لە ساڵی 2006 خانەنشین دەبێ‌. دوای خانەنشینبوونیشی لەگەڵ منداڵ و ئامۆزاكانی كاری بازرگانی دەكات. ئێستا پتر لە 1000 كەس لە كارخانە و كۆمپانیاكانی ئەودا كاردەكەن.

محەممەد بە تەنیا كارمەندێكی كارگەكە نەبووە، بەڵكو سەردەمانێك بووەتە فریادڕەسی كارگەیەك كە لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیدا 20 هەزار فڕۆكەی دروستكردووە.

ڤالێری سكۆرجۆڤ، كارمەندی كارگەی چكالۆڤ بۆ دروستكردنی فڕۆكە دەڵێت "محەممەدێ‌ ئەسۆ لە دەمێكی دژواردا هاتە لای ئێمە، ئەوكات سۆڤیەت هەڵدەوەشایەوە، كێشەی ئێمە ئەوەبوو چۆن كارخانەكە بپارێزین. ئەسۆ بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی و راوێژەكانی توانی كارگەكە بپارێزێ‌. لە سەرەتای ساڵی 1990 تووشی قەیران بووین، كارمەندەكانمان 18 مانگ مووچەیان وەرنەگرتبوو. ئەسۆ لە تەنیشت كارخانە دوكانی كردەوە و بە قازانجی خۆی هاوكاریی دایە كارمەندەكان و نەیهێشت كارگەكە بكەوێ‌".

لە سیبیریا كورد زۆرتر لە هەرێمی نۆڤۆسیبریسك دەژین، زوربەی ئۆسێ‌ فەرمان، سەرۆكی جڤاتی كوردی لە سیبیریا دەڵێت: 1500 كوردی ئێزدی لەو شارە هەن. بە گوتەی ئەو 20 هەزار كورد لە سەرتاسەری سیبیریا دەژین.

زوربەی ئۆسێ‌ فەرمان لە نۆڤۆسیبریسك خاوەنی زۆر دەزگا و باڵەخانەی بازرگانییە، زۆر كورد و رووس و نەتەوەكانی دیكە لە پڕۆژەكانی ئەودا كار دەكەن. ئەو هەروەها خاوەنی دەزگایەكی كوردی ئێزدییە بەناوی (شەمس). بەردەوام پشتگیریی ئەو گەنجە كوردانە دەكات كە لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگ پەیدا دەكەن.

یەكێك لەو گەنجانەی كە ئەو پشتگیریی دەكات، میشا ئەلۆیانە كە بۆكسێنەرێكی كوردە. میشا لە رێگەی ماڵپەڕە كوردییەكانەوە، چاودێریی رەوشی كوردستان دەكات و دەڵێت "حەز دەكەم سەردانی كوردستان بكەم و لەسەر وەرزشەكەم قسە بكەین". ئەلۆیان لە ساڵی 2012 لە ئۆلۆمپیادی لەندەندا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و میدالیای برۆنزی وەرگرت.

قوتابخانەی 77 لە نۆڤۆسیبیرسك تاكە قوتابخانەیە كە زۆربەی قوتابیانی كوردن. قوتابخانەكە لە گەڕەكی یەریڤانسكییە كە زۆرتر بە گەڕەكێكی كوردی ناسراوە.

ماسكۆڤا ئۆلكا فلادیمیرۆڤنا كە 29 ساڵە لەو قوتابخانەیە وانە دەڵێتەوە، دەڵێت "هەتا پێنج ساڵ لەمەوبەریش 30%ی قوتابیانی قوتابخانەكەمان كورد بوون. ئێستا ژمارەی قوتابیانی كورد هەندێك كەم بووە، چونكە بەشێك لەوان دەچنە قوتابخانەی دیكە". ئەو زۆر پەسنی قوتابیانی كوردی دا و گوتی "قوتابیانی كورد بە راستی شارەزا و لێهاتوو و سەركەوتوون. پێرار دوو زارۆكی كورد لەبەر ئەوەی زۆر لێهاتوو بوون، میدالیامان پێدان".

كاتێك بەشداری بۆنەیەكی كوردی سییبریا دەكەی، وا هەست دەكەی لە گوندێكی شاری وان، یان قارسی. هەمان ئەو كولتوورەی لە باكوور هەیە، لەوێ‌ وەكو خۆی ماوە.

گۆچۆی حەسەنێ‌ ئۆزمان، كە كارسازێكی كوردە، دەڵێت "ئێمە لە ئەرمەنستانەوە هاتین بۆ ئێرە. كوردستان قیبلەی ئێمەیە. ئێمە كاتێك پێكەكانمان لێكدەدەین دەڵێین بە خۆشی و عەشقی كورد و كوردستان".

كاتێك (رووداو) سەرقاڵی ئامادەكاریی ئەم دۆكیۆمێنتارییە بوو لەسەر كوردی سیبیریا، ئۆزمان ماڵئاوایی لە ژیان كرد. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە