رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، جەنگی ئۆکراینا "بێهوودەیە" و "پێویستە رووسیا پەلە بکات" بۆئەوەی کۆتایی پێبهێندرێت.
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"دا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی، "پێویستە رووسیا پەلە بکات. خەڵێکی زۆر دەمرن، هەر هەفتەیەک هەزاران کەس لە جەنگێکی زۆر خراپی بێهوودەدا [دەمرن]؛ جەنگێک کە نەدەبوو هەرگیز رووبدات، هەرگیزیش رووینەدەدا ئەگەر من سەرۆک بوومایە."
ئەم قسانەی ترەمپ دوای ئەوە هاتن کە کرێملین رایگەیاند؛ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەمڕۆ هەینی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی وڵاتەکەی و ئۆکراینا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، بەڵام هۆشداریی دا کە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن کەمە.
ترەمپ گوشار دەخاتە سەر مۆسکۆ و کیێڤ، بۆئەوەی کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن کە زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە، بەڵام سەرەڕای دانوستاندنی بەردەوامی نێوان بەرپرسانی رووسیا و ئەمریکا، نەیتوانیوە هیچ سازشێکی گەورە بە کرێملین بکات.
پێشتریش ترەمپ نیگەرانیی خۆی لە ئاستی هێواشی دانوستاندنەکانی ئاگربەست دەربڕیبوو، مانگی رابردوو بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی راگەیاند، لە هاوتا رووسییەکەی "تووڕەیە."
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین گوتی، "گفتوگۆکان لەسەر لایەنە جیاجیاکانی رێککەوتنی ئۆکراینا بەردەوام دەبن."
میدیای فەرمیی رووسیا لە زاری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە، "پێویست ناکات چاوەڕێی دروستبوونی هیچ وەرچەرخانێک لێرە بکەین؛ پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەردەوامە."
لە وەڵامی ئەوەی ئایا گفتوگۆکان باسی کۆبوونەوەی پووتین و ترەمپ دەکەن، پێسکۆڤ گوتی، "رەنگە."
لەو کاتەوەی ترەمپ لە کانوونی دووەمەوە گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ویتکۆف دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین لە رووسیا کردووە.
دوای کۆبوونەوەی کۆتاییان، ویتکۆف، کە لە کۆنەوە کەسێکی نزیکی ترەمپە و لە بواری خانووبەرەدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کاری کردووە، گوتی، پوتین "سەرکردەیەکی مەزنە" و "پیاوێکی خراپ نییە".
ستایشی ویتکۆف بۆ سەرۆکێک کە پێشتر لە لایەن ئەمریکاوە وەک نەیارێکی خۆسەپێن سەیرکراوە، ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە نیشاندەدات کە واشنتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کرێملیندا گرتوویەتیەبەر لەوەتەی ترەمپ بۆ جاری دووەم وەک سەرۆک دەستبەکاربووە.
هەر لەو رۆژەدا، ویتکۆف لەگەڵ کیریل دیمیتریڤ، دانوستاندنکاری باڵای ئابووریی رووسیا کۆبووەوە.
رێگەی پڕ لە کۆسپ و تەگەرەی بەرەو ئاشتی
ترەمپ ھەوڵی بەرفراوانی بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ مۆسکۆ داوە، کە ھەندێک ئەنجامی ھەبووە.
رۆژی پێنجشەممە، رووسیا کێسنیا کارێلینا، سەماکەری بالێی ئەمریکی-رووسی لە زیندان ئازاد کرد، لە بەرامبەر ئارتور پێترۆڤ کە بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی تەکنەلۆجیای ئەمریکی بۆ رووسیا دەستگیرکرابوو.
ئەوە دووەم ئاڵوگۆڕی بەندکراوان بوو لەنێوان مۆسکۆ و واشنتن لە کەمتر لە دوو مانگدا.
کارێلینا، کە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە کاتی سەردانی خێزانەکەی لە رووسیا دەستگیرکرا، بە تۆمەتی "ناپاکی" سزای 12 ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرابوو، دوای ئەوەی نزیکەی 50 دۆلاری ئەمریکی وەک هاوکاری بەخشییە رێکخراوێکی خێرخوازیی لایەنگری ئۆکراینا.
سێرگی ناریشکین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی بیانی مۆسکۆ رۆژی هەینی رایگەیاند، رووسیا لە داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر ئاڵوگۆڕی زیاتری بەندکراوان دەکات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئاڵوگۆڕەکان یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوان هەردوولادا.
لاڤرۆڤ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئەمە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی متمانە کە زۆر پێویستمانە، بەڵام چاککردنەوەی بە تەواوی کاتێکی زۆری دەوێت".
رۆژی پێنجشەممە، شاندەکانی ئەمریکا و رووسیا لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چالاکی باڵیۆزخانەکانیان کە ژمارەی کارمەندەکانیان لەگەڵ ساردبوونەوەی پەیوەندیی دوو زلهێزەکە کەمکرانەوە.
سەرەڕای ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە زۆرانە، هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لە ئامانجی سەرەکی ترەمپ بەدی نەهاتووە، کە بریتییە لە بەدەستهێنانی ئاگربەست بۆ ئۆکراینا.
پووتین مانگی رابردوو پێشنیازێکی هاوبەشی ئەمریکی-ئۆکراینی بۆ وەستانی تەواو و بێ مەرجی شەڕەکە رەتکردەوە، لە کاتێکدا کرێملین ئاگربەستی لە دەریای رەش بەستەوە بە لابردنی بەشێک لە سزاکانی رۆژائاوا.
ترەمپ بەم دواییانە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەو "زۆر توڕەیە" لە پووتین، دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا رەخنەی لە رەوایەتیی زیلینسکی گرت و داوای کرد ئیدارەیەکی دەرەکیی کاتی لە ئۆکراینا دابندرێت.
لە ئەنجامی گفتوگۆکانی مانگی رابردووی سعودیەدا، کۆشکی سپی رایگەیاند، هەردوو لایەنی رووسی و ئۆکراینا رێککەوتوون هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی یەکدی بوەستێنن.
بەڵام هیچ رێککەوتنێکی فەرمی واژۆ نەکرا و هەردوولا یەکدی بە بەردەوامبوون لە هێرشەکان تۆمەتبار دەکەن.
ویتکۆف لە عومان
سەردانی ویتکۆف بۆ رووسیا پێش گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دێت، کە بڕیارە رۆژی شەممە لە عومان بەڕێوەبچێت.
بڕیارە ویتکۆف سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکەی عومان بکات.
ترەمپ هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر ئێران بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی رازی نەبێت، ئەوا بۆردوومانی دەکات.
مۆسکۆ، کە ئێران بە هاوپەیمانێکی نزیکی خۆی دەزانێت، داوای چارەسەری دیپلۆماسی دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی کە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەبێتە "کارەساتێکی جیهانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ