کەتیبەیەکی تایبەتی رووسی لە ریزی سوپای ئۆکراینا شەڕ دژی وڵاتەکەیان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

کەتیبەی سیبریا سەر بە سوپای ئۆکراینان، بەڵام هەموو ئەندامەکانی کەتیبەکە هاووڵاتیی رووسیان و دژی وڵاتەکەیان دەجەنگن. 
 
ئەوان پێیانوایە ئەوەی رووسیا دەیکات شەڕانگێزییە و نایانەوێت ببنە بەشێک لێی و بە گوتەی خۆیان، ئامانجیانە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە دەسەڵات دووربخەنەوە. 
 
خۆلۆد، هاووڵاتی رووسییە دەڵێت، "من پێشووتر وەکو شارەزای بواری تەکنەلۆژیا کارم دەکرد، بەڵام کە جەنگەکە دەستیپێکرد بڕیارم دا ببمە بەشێک لەو جەنگە. رووسیا و ئۆکراینا لە جەنگدان؛ پێموایە هەموو بەئامانجگرتنێکی نێو رووسیا ئامانجێکی شەرعییە و یارمەتی درێژکردنەوەی شەڕەکە دەدات."
 
کەتیبەکە ئێستا ژمارەیان 60 کەسە و هەر کەسێکی رووسیش بیەوێت پەیوەندی بە کەتیبەکەوە بکات، دەبێت بە پشکنینێکی ئەمنیی تووند تێپەڕێت.
 
تەواوی ئەندامانی کەتیبەکە لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دژی سوپای وڵاتەکەیان شەڕ دەکەن. 
 
مالۆی، هاووڵاتییەکی دیکەی رووسییە باس لەوە دەکات، کە "بەشێوەیەکی گشتی، هیچ دادپەروەرییەکی تێیدا نییە دژی سەروەریی وڵاتێکی دیکە شەڕ بکەیت. سەرەتا من وەکو خۆبەخشێک هاتمە نێو ریزی سوپای ئۆکراینا، دواتریش بوومە بەشێک لەو کەتیبەیە. پێموایە کە ئێمە ئازادین تەقە لە هەر ئامانجێکی سەربازی لەنێوخۆ و لە دەرەوەی رووسیا بکەین."
 
کەتیبەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن لەنێو رووسیاشدا ژمارەیەکی زۆر ئەندامییان هەیە و باس لەوە دەکەن، سەتان هاووڵاتیی رووسی ئامادەییان دەربڕیوە پەیوەندی بە گرووپەکەوە بکەن.