یەکێتیی ئەورووپا یەکلاییکردنەوەی کەیسی پەناخوازان خێراتر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا هێزی دەریایی وڵاتەکە ژمارەیەک کۆچبەر لە خنکان رزگار دەکەن. لێشاوی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا، ئەورووپییەکانی ناچار کردووە، یاسایەکی نوێ پەسند بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە.
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت، "ئەمڕۆ ئێمە لە بەرژەوەندیی پاکێجێک دەنگماندا بۆ دیاریکردنی رێکارێکی یاسایی کە هەموو پرسەکان لەبەرچاو دەگرێت. ئەو رێکارە مرۆڤایەتی و پاراستنی سنوورەکانی ئەورووپا لەبەرچاو دەگرێت. سیستمێک، ئەوانە قبووڵ بکات کە پێویستیان بە پاراستن هەیە و تووندیش بێت بەرامبەر بەوانەی پێویستیان پێی نییە لەگەڵ قاچاخچییەکانیش".
رۆژی چورشەممە، پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی لەبارەی چاکسازی لە سیستمی وەرگرتنی کۆچبەران و کەمکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە کیشوەرەکە پەسند کرد.
بەگوێرەی ئەو یاسایە نوێیە. سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا پشکنین و چاودێریکردن لەسەر سنوورەکانیان تووندتر دەکەن؛ پرۆسەی وەڵامدانەوەی مافی پەنابەرێتی و پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە خێراتر دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی ئەورووپا لێکۆڵینەوە لە پێشینەی کۆچبەران دەکەن؛ لەگەڵ گەیشتنیشیان بۆ ئەورووپا پشکنینی وردی تەندروستییان بۆ دەکەن.
جگە لەوەش، سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا دەبێت بەرپرسیارێتیی تۆمارکردنی کۆچبەران لەئەستۆ بگرن، ئەگەر نا، دەبێت هاوکاریی دارایی یان هاوکاریی لۆجیستی بۆ ئەو وڵاتانە دابین بکەن کە گوشاری کۆچبەرانیان لەسەرە.
بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە ببێتە یاسا و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێت لەلایەن سەرجەم 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا پەسند بکرێت، لە ئەگەری پەسندکردنیشی لە سەرەتای ساڵی 2026 جێبەجێ دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەش، هەموو وڵاتانی ئەورووپا لەگەڵ ئەو یاسایە نوێیە نین و هەرزوو هەنگاریا و پۆڵەندا دژایەتیی خۆیان بۆ یاساکە دەربڕی و سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند ئەو "یاسا نوێیە دوا بزمارە لە تابووتی ئەورووپا دەدرێت."
ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، "کۆچبەریی، ئاڵنگارییەکی ئەورووپییە و دەبێت چارەسەرێکی ئەورووپی بۆ بدۆزرێتەوە، چارەسەرێک کە دادوەرانە و تووندیش بێت، ئەمە پاکێجەش ئەو ئامانجە دەپێکێت."
ساڵی رابردوو، زۆرترین کۆچبەران روویان لە ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و یۆنان کردووە و زۆرترین داواکاریی مافی پەنابەرێتیش هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتیانی سوورین کە زیاتر لە 181 هەزار داواکاریان پێشکێش کردووە، هەروەها 26 هەزار و 131 هاونیشتمانی باشووری کوردستان و هاووڵاتیانی عێراق، داوای مافی پەنابەرێتیان کردبوو.