سەرووی 10 هەزار خانوو لە رووسیا و کازاخستان بەر لافاو کەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری ئورالەوە کە بەنێو رووسیا و کازاخستاندا دەڕوات، لافاو دروستبووە و زیان بە سەرووی 10 هەزار خانوو کەوتووە و زیاتر لە 100 هەزار کەس ئاوارە بوون. حکومەتی هەردوو وڵاتیش باری لەناکاو رادەگەیێنن.
توانەوەی بەفری زنجیرە چیاکانی ئورال لە هەرێمی سایبیریای رووسیا ئاستی ئاوی رووباری ئورالی بەرزکردووەتەوە و ئەوەش لافاوێکی گەورەی دروستکردووە.
ئاستی رووبارەکە 10 مەتر بەرزبووەتەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 هەزار کەس ئاوارەبوون و نزیکەی 550 هەزار خانووش لە هەردوو وڵات رووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە.
شاری ئۆرێنبێرگ لە رووسیا کە نزیکەی نیو ملیۆن دانیشتووی هەیە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و تێیدا زیاتر لە 7 هەزار و 700 کەس ناچاربوون ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن و 10 هەزار و 500 خانووش رووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە.
هەر لە رووسیا لە شاری کورگان زیاتر لە چوار هەزار و 500 کەس ئاوارەبوون و حکومەت پێشبینیی ئاوارەبوونی هەزارانی دیکە دەکات.
وەزارەتی فریاگوزاریی رووسیا دەڵێت، "35 تۆن هاوکاری کە پێکدێت لە خۆراک، دەرمان و پێداویستی دیکەی رۆژانە بە فڕۆکە گەیێندراوەتە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان".
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملن دەڵێت، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و قاسم جۆمارت تۆکایەڤ، سەرۆکی کازاخستان "بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و دۆخەکەیان تاوتوێ کردووە."
لافاو باکوور و رۆژهەڵاتی کازاخستانیشی گرتووەتەوە.
حکومەتی کازاخستان دەڵێت، بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 97 هەزار کەس ماڵی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەبوون.
لەکۆی 17 پارێزگەی وڵاتەکە، حکومەتی کازاخستان باری لەناکاوی لە هەشت پارێزگەیان راگەیاندووە و تیمەکانی فریاگوزاری راسپاردووە بۆ دروستکردنی رێڕەوی ئاوی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری و دابەزاندنی ئاستی لافاوەکە.
ئەوەی بووەتە هۆی توانەوەکەی بەفرەکە بریتییە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ نزیکەی 20 پلەی سیلیزی لە بەرزاییەکانی سایبیریا.
رووباری ئورال لە بەرزاییەکانی ئورالەوە لە رووسیا هەڵدەقوڵێت و بەنێو رووسیا و کازاخستاندا 2428 کیلۆمەتر دەبڕێت و دەرژێتە نێو دەریای خەزەرەوە.