لە پاکستان بارهەڵگرێک کەوتە نێو رووبارێک و 17 کەس گیانیان لەدەست دا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە بارهەڵگرێک کەوتووەتە نێو رووبارێک و بەو هۆیەوە لانیکەم 17 کەس گیانیان لەدەستداوە و 41 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، ئەحمەد مونیر، جێگری پارێزگاری بەلوچستان رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 10:00ـی شەوی چوارشەممە بەکاتی نێوخۆیی پاکستان [کاژێر 8:00ـی شەوی چوارشەممە بەکاتی هەولێر] لە نزیک شاری (هەب) لە پارێزگای بەلوچستان روویداوە.
جێگری پارێزگاری بەلوچستان دەشڵێت، "بارهەڵگرەکە بەهۆی خێرا لێخوڕینەوە کۆنتڕۆلی خۆی لەدەستداوە و کەوتووەتە نێو رووبارێکی ناوچەکە".
بەگوتەی بەرپرسانی پارێزگای بەلوچستان سەرجەم ئەوانەی لەنێو بارهەڵگرەکەدا بوون نوێژخوێن بوون و بەڕێگاوە بوون بۆ ئەوەی بڕۆن لە ناوچەیەکی دیکە نوێژی جەژن بکەن.
شەوکەت جەلبانی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی شاری هەب رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەرمی 17 کەس و 41 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
رووداوی هاتووچۆ و کێشەی رێگاوبان بە یەکێک لە کێشە گەورەکانی پاکستان دادەندرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەکاتی دروستکردنی رێگاوبانەکان رەچاوی رێکارەکانی سەلامەتی ناکرێت، جگە لەوەی بەشێک لە شۆفێرانی وڵاتەکە گرنگی بە رێنماییەکانی هاتووچۆ نادەن.
لە کانوونی دووەمی 2023 لە رووداوێکی هاوشێوەدا پاسێک کەوتە نێو رووبارێک و بەو هۆیەوە لانیکەم 41 کەس گیانیان لەدەستدا.