پزیشکان هۆشداری دەدەن: ئەوانەی وەرزش ناکەن باشترە لە رەمەزانیشدا نەیکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

پزیشکان هۆشداری دەدەنە ئەو کەسانەی کە پێش رەمەزان وەرزش ناکەن و دەڵێن، "باشترە لە رەمەزانیشدا نەیکەن،" ئەوانەشی وەرزش دەکەن، دەبێت نزیکی کاتی بەربانگ وەرزش بکەن.
 
د. محەممەد جەمیل بوزێدی، پزیشک دەڵێت، "ئەو کەسانەی بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی رێکخراو وەرزش دەکەن، دەتوانن لە مانگی رەمەزانیش بەردەوام بن، بەڵام بە مەرجێک کە بەیانیان وەرزش نەکەن. هەروەها پێویستە وەرزش لەو کاژێرانەدا بکەن کە نزیکە لە کاتی بەربانگ، بۆئەوەی بتوانن شلەمەنی و خوێی جەستە و ئەو وزەیە قەرەبوو بکەنەوە کە لەدەستیان داوە. ئەو کەسانەشی وەرزش ناکەن، باشترە لە مانگی رەمەزانیش نەیکەن، ئەگەریش ناچار بوون وەرزش بکەن، پێویستە وەرزشێکی زۆر سووک بێت، وەکو رۆیشتن یان مەلەکردن."
 
پسپۆڕان دەڵێن، بۆ پاراستنی جەستەیان لە مانگی رەمەزاندا وەرزشوانان چالاکترن لە کەسانی ئاسایی.
 
سەڵاحەددین عەبدوڵڵایی، راهێنەری کاراتی ئاماژە بەوە دەکات، "کاتێک باس لە وەرزش دەکرێت لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، ئەو کەسانەی بە بەردەوامی وەرزش ناکەن، پێویستە تەنیا وەرزشێکی کەم بکەن، ئەوەش پێش رۆژوو شکاندن بێت. پێویستە ماوەی وەرزشکردنەکەش کەم بکەنەوە، دوای ئەوەی رۆژووت شکاند چەند کاژێرێک دوای هەرسکردنی خواردنەکە، دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی وەرزش بکەن. وەرزشەوانە پیشەگەرەکان باش دەزانن چۆن بەرنامەی وەرزشکردنیان لە مانگی رەمەزاندا رێکبخەن."
 
ژمارەیەکی زۆر لە مەغریبییەکان لە مانگی رەمەزاندا روویان لە وەرزشکردن کردووە، بەڵام پزیشک دەڵێت، وەرزشکردن لەکاتی برسیبوون، تینوێتی و ماندوێتی، کاریگەریی خراپی هەیە.