لە ئەمریکا کارمەندێکی بانک بە گوللـە پێنج کەس دەکوژێت و نۆی دیکە بریندار دەکات

11-04-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
پۆلیس لە دەوروبەری بانکەکە بڵاوەیان پێکراوە، وێنە: Michael Swensen / GETTY IMAGES NORTH AMERICA / AFP
پۆلیس لە دەوروبەری بانکەکە بڵاوەیان پێکراوە، وێنە: Michael Swensen / GETTY IMAGES NORTH AMERICA / AFP
نیشانەکردن تەقەکردن ئەمریكا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رووداوێکی دیکەی تەقەکردن لە ئەمریکا روویدا و ئەمجارە لە لویسڤیلی گەورەشاری ویلایەتی کینتەکی، تێیدا کارمەندێکی بانکی لیوسڤیل، بە گوللـە پێنج کەسی کوشت. 
 
کرەیج کۆڵینز، دانیشتوویەکی کینتەکییە و لە رووداوەکە رزگاری بووە، دەڵێ "دەچوومە سەر کار و لەوێش بۆ نێو ئاسانسوارەکە. گوێم لە دەنگی تەقە بوو. تەلەفۆنم بەدەستەوە بوو، لە ئاسانسۆرەکە هاتمە دەرەوە و بەرەو گەراجەکە رۆیشتم، دوایی گوێم لە دەنگی چەند تەقەیەکی دیکە بوو. رامکردە دەرەوە و دوو پۆلیسی لێبوون، پێیانگوتم خۆت بشارەوە. منیش رامکردە گەراجی دەرەوە".
 
رووبەڕووبوونەوە لەنێوان تەقەکەرەکە و هێزەکانی پۆلیس دروستبوو و، لەکۆتاییدا پۆلیس تەقەکەرەکەی کوشت. تەقەکەرەکە کارمەندی بانکەکە بووە و لەلایەن بانکەکەوە پێیڕاگەیەنراوە لە کارەکەی دووردەخرێتەوە، بۆیە بڕیاری داوە تەقە بەنێو بانکەکەدا بکات. 
 
تەقەکەرەکە ناوی کانەر ستێرجنە و تەمەن 25 ساڵ بوو. لەو رووداوەدا 5 کەسی کوشت کە پێکهاتبوون لە سێ پیاو و دوو ئافرەت، هەروەها 9 کەسی دیکەی بریندار کرد کە چواریان کارمەندی بانکەکە بوون.
 
ئاندی بیشێر، حاکمی کینتەکی سەبارەت بە رووداوەکە دەڵێ "دڵتەزێنە. هاوڕێیەکی زۆر نزیکم لەوێ بوو کە رزگاری نەبوو. هاوڕێیەکی دیکەشم گیانی لەدەستدا، یەکێکیان لە نەخۆشخانەیە و هیوادارم لە ژیاندا بمێنێت. هیوادارم خەڵک نزای بۆ بکەن".
 
بەڵام زۆربەی خەڵک و بەشێک لە دیموکراتەکانی ئەمریکا باوەڕیانوایە زیادبوونی رووداوەکانی تەقەکردن، کاری نزا و پاڕانەوە نەماوە.
 
لە ئامارەکانی گرووپی ئەرشیڤی تووندوتیژییەکانی چەکدا دەردەکەوێت، لە 2014ـوە رووداوەکانی تەقەکردن لە ئەمریکا روویان لە هەڵکشانە و زۆرترین رووداویش لە 2021 روویانداوە، کە 690 رووداوی تەقەی هەڕەمەکی بوون، تەنیا 3 مانگ و 11 رۆژ لە 2023ـش رۆیشتووە و، 146 رووداوی تەقەکردنی هەڕەمەکی تۆمارکراون.
 
کارین جین پیەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە پرسی هەڵگرتنی چەک لە ئەمریکا دەڵێ "جارێکی دیکە، سەرۆک داوای لە کۆمارییەکانی کۆنگرێس کردووە لەگەڵ دیموکراتەکان بەیەکەوە کار لەسەر قەدەخەکردنی تفەنگ و ئەو فیشەکدانانە بکەن کە توانای هەڵگرتنی فیشەکی زۆریان هەیە، مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک لە شوێنی سەلامەت و مۆڵەتی بەکارهێنانی چەک هەبێت و، پارێزبەندی لەسەر بەرپرسیاریێتی کۆمپانیاکانی چەک نەهێڵین". 
 
بەگوێرەی دوایین راپرسیی کۆمپانیای راوێژکاری گالووپ، 57٪ـی ئەمریکییەکان داوای تووندکردنی رێکارەکانی هەڵگرتنی چەک دەکەن و 32٪ـیان لەگەڵ ئەوەدان دەستکاری یاسای چەک نەکرێت. بەگشتیش بەپێی ئامارەکانی ئەو کۆمپانیایە، لە هەر 20 ئەمریکییەک یەکێکیان چەکی لە ماڵدا هەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە