ستۆڵتنبێرگ: ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ شکستی پووتین دەردەخات


رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، ئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ ئەوە دەردەخات، کە ڤلادیمێر پووین، سەرۆکی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا شکستی هێناوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەکاتی هەڵدانی ئاڵای سوێد لە بارەگای سەرەکی هاوپەیمانی ناتۆ لە برۆکسێلی پایتەختی بەلجیکا گوتی: "کاتێک کە دوو ساڵ لەمەوبەر سەرۆک پووتین دەستی بە داگیرکردنی تەواوەتی ئۆکراینا کرد، ئەو دەیویست ئۆکراینایەکی بێهێزتر هەبێت و کۆنتڕۆڵی بەسەر وڵاتانی دراوسێیدا هەبێت".
 
سکرتێری گشتی ناتۆ گوتیشی: "پووتین دەیویست ئۆکراینا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ لەنێوببات، بەڵام شکستی هێنا".
 
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ناتۆ کرد و گوتی: "ئێستا ناتۆ لەپێشتر بەهێزتر و گەورەترە".
 
لەبارەی فراوانترکردن و وەرگرتنی وڵاتانی دیکە بۆ نێو هاوپەیمانییەتەکە، ستۆڵتنبێرگ گوتی: "ئەندامیێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ ئەوە نیشان دەدات، دەرگەی هاوپەیمانییەتەکە کراوەیە. هیچ کەسێک ناتوانێت دەرگەی هاوپەیمانییەکە دابخات. هەموو وڵاتان مافی ئەوەیان هەیە لە رێگەی خۆیان دیاری 99 بکەن".
 
18ی ئایاری 2022، حکومەتەکانی سوێد و فینلاند داوایەکیان بۆ بەئەندامبوونی وڵاتەکانیان لە ناتۆ پێشکێش کرد. 1ی نیسانی رابردوو، فینلاند بووە ئەندامی ناتۆ، بەڵام بەهۆی ناڕازیبوونی تورکیا و هەنگاریا پەسندکردنی سوێد دواکەوت. 
 
26ی شوباتی ئەمساڵ، بە 88 دەنگی "بەڵێ" و 6 دەنگی "نەخێر"، پەرلەمانی هەنگاریا ئەندامێتیی سوێدی پەسند کرد و بەو جۆرەش هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئەندامێتیی سوێد لابران.
 
پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد دوای سەردانەکەی کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هات بۆ بوداپێست و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا.
 
هۆکاری درەنگ پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە لایەن هەنگاریاوە بۆ ئەوە گەڕایەوە کە بەرپرسانی بوداپێست مامەڵەی بەرپرسانی سوێدیان بەدڵ نەبوو. 
 
لە ماوەی رابردوودا حکومەتی سوێد رەخنەی لە دەسەڵاتی ئۆربان گرتبوو و، بە پێشێلکردنی بنەما دیموکراسییەکان و سنووردارکردنی بنەماکانی ئازادیی رادەربڕین تۆمەتباری کردبوو. 
 
23ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵیش، پەرلەمانی تورکیا داوای سوێدی بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ پەسند کرد.
 
ستۆکهۆڵم رووبەڕووی چەند مەرج و داواکارییەکی ئەنقەرە ببووەوە بۆ ئەوەی بەئەندامبوونی لە ناتۆ پەسند بکات، لەوانەش رێگریی لە چالاکیی ئەو گرووپ و پارتانەی ئەنقەرە بە "تیرۆریست" ناویان دەهێنێت، وەک بزووتنەوەی خزمەتی فەتحوڵڵا گیولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە.
 
هاوپەیمانیی ناتۆ چییە؟
 
ناتۆ لە ساڵی 1949 لەلایەن 12 وڵاتەوە دامەزرا، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەندامەکانی بۆ 31 وڵات زیادبوون، لەنێویاندا هەندێک وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەن. ئەو زیادبوونەش جێگەی نیگەرانیی رووسیایە.
 
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوون کە سەرەتا هاوپەیمانێتییەکەیان دامەزراند.
 
بڕگەی 5ی ئەو رێککەوتنەی بووەتە بنەمای دامەزراندنی ناتۆ دەڵێت، هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکە بریتییە لە هێرشکردنە سەر هەموو ئەندامەکانی.