گالەری


رووداو دیجیتاڵ/ وێنە: AFP

96ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار بەڕێوەچوون، فیلمی ئۆپنهایمەر کە لەبارەی ژیانی رۆبێرت ئۆپنهایمەر، باوکی چەکی ئەتۆمی بوو، براوەی سەرەکیی رێوڕەسمەکە بوو. 
 
کیلیان مێرفی، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێ بەخشرا. هەروەها خەڵاتی باشترین وێنەش بە فیلمەکە بەخشرا. 
 
فیلمی ئۆپنهایمەر بۆ 13 خەڵات بەربژێر بوو. خەڵاتی باشترین دەر‌هێنەر بەخشرا بە کریستۆڤەر نۆلان، هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری پاڵپشتیکاریش درا بە رۆبێرت داونی. خەڵاتەکانی دیکە کە بەخشران بە فیلمەکە بریتیبوون لە ئیدیتکردنی فیلم و سینەماتۆگرافی و میوزیکی فیلمەکە. 
 
هەروەها ئێما ستۆن، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە فیلمی "Poor things" پێ بەخشرا. فیلمەکە سێ خەڵاتی دیکەیشی بردەوە. 
 
لە رێوڕەسمەکەدا، بەشێک لە ئەکتەر، هونەرمەند و ئەستێرەکان، درووشمێکی سووریان لە شێوەی لۆگۆ بە جلوبەرگەکەیانەوە کردبوو کە لەو رێگەیەوە داوای ئاگربەستیان بۆ غەززە دەکرد. 
 
شەوەکە بەگشتی مێژوویی بوو بۆ هەندێک، وەکو ئۆکراینا کە یەکەم ئۆسکاری لە مێژووی خۆیدا بردەوە بۆ دۆکیۆمێنتەریی 20 رۆژ لە ماریۆپۆڵ. 
 
فیلمی باربی کە پڕ داهاتترینی ساڵی رابردوو بوو لە سینەما، تەنیا یەک خەڵاتی بردەوە ئەویش بۆ گۆرانیی فیلمەکە بوو کە لەلایەن بێڵی ئایڵش، هونەرمەندی ئەمریکی گوترابوو.