لە فەرەنسا پێنج کەس بەهۆی لافاوەوە خنکان
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، بەهۆی دروستبوونی لافاو لە باشووری وڵاتەکە، پێنج کەس خنکاون و لانیکەم حەوت کەس بێسەروشوێن بوون.
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئاداری 2024، گابریێل ئەتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "ئێستا لانیکەم حەوت کەس بەهۆی لافاوەکەوە بێسەروشوێن بوون، کە دووانیان منداڵن".
بەرگریی شارستانیی فەرەنسا رایگەیاند، رۆژانی شەممە و یەکشەممە لافاو باشووری وڵاتەکەی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی هاتووچۆ لە بەشێکی وڵاتەکە پەکی بکەوێت.
بەگوتەی بەرگریی شارستانیی فەرەنسا، رۆژی یەکشەممە، پیاوێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە مردوویی دۆزراوەتەوە و دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە بەهۆی لافاوەکەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا خنکاوە.
هاوکات، شەپۆلی ئاو ئۆتۆمبێلێکی لەگەڵ خۆی بردووە و بەوهۆیەوە دوو ژن گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها بەرگریی شارستانیی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات، کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووتە لانیکەم پێنج کەس.
لەبارەی ئەو کەسانەشی کە بەهۆی لافاوەکەوە بێسەروشوێن بوون، پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند، کە ژمارەیان گەیشتووەتە حەوت کەس.
پۆلیسی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداری 110 ئەندامی هێزەکانی بەرگریی شارستانی و 120 پۆلیس و بە پاڵپشتی چەندین هێلیکۆپتەر و درۆن، گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان بەردەوامە.
ناوچەکانی باشووری فەرەنسا ناو بەناو لافاو تێیاندا روودەدات و دوایین جاریش ساڵی 2022 بوو، کە 22 کەس گیانیان لەدەستدا.