ترەمپ: فەیسبووک دووژمنی خەڵکە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، لە دژی ئەوەیە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک قەدەخە بکرێت. دەشڵێت: "فەیسبووک دووژمنی خەڵکە."
رۆژی دووشەممە، 11-03-2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی بە "دووژمنی خەڵک" ناوبرد و دەڵێت، نابێت تیکتۆک قەدەخە بکرێت.
لە هەڤپەیڤینێکدا، لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی- ئەمریکی، ترەمپ رایگەیاند: "تیکتۆک، خاڵێکی زۆرباش و خراپیشی هەیە، بەڵام ئەو خاڵەی من حەزی پێناکەم ئەوەیە کە بێ تیکتۆک، تۆ فەیسبووک گەورەتر دەکەیت، پێموایە فەیسبووک دوژمنی خەڵک بێت شان بە شانی میدیا".
لەبارەی هەوڵەکانی ئیدارەی بایدنیش بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی تیکتۆک، ترەمپی تەمەن 77 ساڵ رایگەیاند: "راستییەکەی خەڵکێکی زۆر تیکتۆک بەکاردەهێنێت و حەزیان لێیەتی. ژمارەیەکی زۆر منداڵ تیکتۆکیان هەیە و بێ ئەو پلاتفۆرمە، شێت دەبن، بەکارهێنەری زۆری هەیە".
لەسەردەمی یەکەم گەڕی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ لەبارەی تیکتۆکەوە رایگەیاندبوو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و کاتێکیش ئەو پرسیارەی لێدەکەنەوە.
ترەمپ رایگەیاند, ئەو ئێستاش هەمان بۆچوونی هەیە؛ "حکومەت دەبێت پارێزگاری لە تایبەتمەندی و مافی تاکی ئەمریکییەکان بکات. تەماشا بکە، هەندێ لە کۆمپانیاکانمان دژی ئەمریکا کار دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر چین داواکارییەکی لێیان هەبێت، ئەوا ئەو کۆمپانیایانە هەموو شتێکیان دەدەنێ، بۆیە ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی".
بەڵام سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت: "بڕیاری قەدەخەکردنی تیک تۆک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و بەتایبەتیش فەیسبووک، سوودمەندی یەکەم دەبێت و گەورەتر دەبێت".
ساڵی 2021، لەدوای هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە، کۆمپانیای فەیسبووک، ترەمپی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە قەدەخە کرد، بەڵام ساڵی رابردوو، مێتا کە کۆمپانیای سەرپەرشتیاری فەیسبووکە، بڕیاری قەدەخەکردنەکەی لەسەر ترەمپ هەڵوەشاندەوە.