لە ئیسپانیا چەند گەنجێک بە کۆمەڵ دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر کچێکی 11 ساڵ


رووداو دیجیتاڵ

لە نزیک بارسێلۆنای ئیسپانیا، ژمارەیەک گەنج بە کۆمەڵ دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەر کچێکی 11 ساڵان. ئەم رووداوە لە ئیسپانیا هەرای ناوەتەوە و مشتومڕێکی زۆر دروستبووە لەسەر ئەوەی چۆن دەکرێت تووندوتیژی لەنێو هەرزەکاراندا بووەستێنرێت. 
 
رووداوەکە، بە گوێرەی میدیای کەتەلۆنی، تشرینی دووەمی رابردوو لە ناوەندێکی بازاڕکردن لە بادالۆنا دروستبووە کە 10 کیلۆمەتر لە پایتەختی کەتەلۆنیاوە دوورە. میدیاکە دەڵێت، شەش گەنج کچەکەیان بە زەبری چەقۆ بردووەتە نێو ئاودەستێک و لەوێ بە کۆمەڵ دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەری. 
 
پۆلیسی ناوچەکە پشتڕاستیکردووەتەوە کە کانوونی یەکەم سکاڵایەکیان لەبارەی هێرشێکی دەستدرێژیی سێکسییەوە پێگەیشتووە کە لە لایەن چەند گەنجێکەوە کراوە، بەڵام وردەکاریی زیاتریان نەخستەڕوو، ئەوەش بەهۆی تەمەنی گومانلێکراوەکانەوە. 
 
لایەنە پەیوەندیدارەکانی بادالۆنا، کە شارۆچکەیەکە لەسەر رۆخی دەریا و 223 هەزار کەس لێی دەژین، "ئامادەیی" خۆیان نیشاندا بۆ یارمەتیدانی دادگە "بۆ بەرگریکردن لە قوربانیی دەستدرێژییە سێکسییە بە کۆمەڵەکە."
 
بە گوێرەی یاسای ئیسپانیا، لایەنی سێیەم هەر کێ بێت، دەتوانێت ببێتە لایەنێک لە دادگەییکردنەکە تەنانەت ئەگەر زیانی راستەوخۆشی بەرنەکەوتبێت. 
 
بەڵام بەپێی ئەوەی کە میدیای ئیسپانی دەڵێت زۆربەی "دەستدرێژیکارەکان" تەمەنیان لە خوار 14 ساڵییەوەیە، کە تەمەنی یاسایی لێپێچینەوەی تاوانکارییە لە ئیسپانیا، چاوەڕێدەکرێت ژمارەیەکی کەمیان بدرێنە دادگە.
 
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، نووسینگەی داواکاریی گشتیی لاوانی ئیسپانیا داوایکرد دوو کەسی تەمەن هەرە گەورەی نێو گرووپەکە کە چواردە ساڵانن، لە ناوەندێکی تایبەت بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، بەڵام دادوەر تەنیا رەزامەندی بۆ یەکێکیان دەربڕی و ئەوەی دیکە بە کەفالەت ئازادکرا. 
 
بە گوێرەی میدیای کەتەلۆنی، ساڵی رابردوو پۆلیسی بارسێلۆنا لێکۆڵینەوەی لە هەزار و 23 سەرپێچی کردووە کە لە لایەن گەنجانەوە تەمەن خوار چواردە ساڵانەوە ئەنجامدراون و نزیکەی 100 لەو سەرپێچیانە گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی بوون.