کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر ئاشکراکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی سەرچاوەی کۆرۆنا دەدات

11-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد کە ئامانج لێی ئاشکراکردنی زانیاریی هەواڵگرییە سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندیی نێوان کۆرۆنا و تاقیگەیەکی چینی کە گومانی دزەپێکردنی ڤایرۆسەکەی لەسەرە.

هەفتەی رابردوو، ئەنجومەنی پیران داواکارییەکی ئەڤریل هاینز، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی پەسندکرد بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەم بابەتە بۆ رای گشتی ئاشکرابکرێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە پڕۆژەیاساکە هیچی دیکەی لە بەردەمدا نەماوە جگە لە ناردنی بۆ کۆشکی سپی بۆ ئەوەی جۆ بایدن واژۆی لەسەر بکات.
 
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی 2019 لە شاری وهانی رۆژهەڵاتی چین دەستیپێکرد و تائێستا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە جیهاندا بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە.
 
بەڵام بەرپرسانی تەندروستی و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا تائێستا ناکۆکن لەسەر ئەوەی کە ئایا ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گوێزراوەتەوە یان لە تاقیگەیەکەی وهانەوە دزەیکردووەتە دەرەوە. 
 
وەزارەتی وزەی ئەمەریکا دەڵێت، رەنگە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنجامی رووداوێکی تاقیگەوە دەرچووبێت، ئەوەش لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانی FBI یەکدەگرێتەوە و پێچەوانەی ئەنجامی دەزگاکانی دیکەیە.
 
رۆبێرت رێدفێڵد، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ئەنجوومەنی پیران بەرگری لە بیردۆزی دزەکردنەکە کرد، بەڵام پەیمانگەی نیشتمانیی هەستیاری و نەخۆشییە درمیەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکانی تەندروستی لەگەڵ ئەو گریمانەیەدا بوون کە ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵێکی تووشبووەوە گوێزراوەتەوە بۆ مرۆڤ.
 
هاینز گوتی: "کۆدەنگییەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەی هەواڵگرییدا هەیە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئەنجامی چەکێکی بایۆلۆژی یان ئەندازیاری بۆماوەییەوە نەبووە، بەڵام هیچ کۆدەنگییەک نییە لەسەر ئەوەی کە ئایا لە تاقیگەیەکەوە دزەی کردووە یان نا".
 
کاتێک لە مانگی شوباتدا یاسای ئاشکراکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی کۆرۆنا لە ئەنجوومەنی پیران پێشکێشکرا، جۆش هاوڵی، نووسەری هاوبەشی رەشنووسەکە گوتی، هەر کەسێک پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا کۆرۆنا لە تاقیگەیەکدا سەرچاوەی گرتووە یان نا "بێدەنگ کراوە و بە تیۆریستێکی پیلانگێڕی ناونراوە".
 
گوتیشی: "ئێستا دەردەکەوێت کە ئەم گومانکەرە ژیرانە راست دەکەن. گەلی ئەمریکا شایەنی ئەوەیە راستییەکان بزانێت."
 
لە هەوڵێکی جیادا کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی هەینی پڕۆژەیاسایەکیان خستەڕوو کە رێگە بە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەدات سکاڵا لەسەر چین تۆمار بکەن، لە کاتێکدا کە پەکین بیردۆزی دزەپێکردنەکە رەتدەکاتەوە و بە "هەڵمەتی شێواندنی گەورە" ناوی دەبات.
 
کریس سمیس، ئەندامی کۆنگرێس، نوێنەری ویلایەتی نیوجێرسی گوتی: "دواجار دەبێت بگەینە بنچینەی ئەوەی چی روویداوە و کێ دەستی لەم تەڵەیدا هەبووە بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ ئەو کەسانە بەدیبهێنین کە بە هۆی کۆرۆناوە زۆر ئازاریان چەشتووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.