لە ئیسپانیا پیاوێک ناچاردەکرێت 205 هەزار یۆرۆ بداتە هاوژینەکەی پێشووی لەبەرئەوەی کاری ماڵەوەی بۆ کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری ڤێلێز مەلەگای ئیسپانیا، دادگە پیاوێکی ناچارکرد 205 هەزار یۆرۆ وەکو قەرەبوو بە هاوژینی پێشووی بدات لە بەرامبەر ئەوەی کە ژنەکە بۆ ماوەی 25 ساڵ کاری ماڵەوەی بۆ کردووە. 
 
دادگە دەڵێت، ژنە تەمەن 48 ساڵەکە توانیویەتی بیسەلمێنێت کە لە پێناو پاککردنەوەی ماڵ، ئامادەکردنی خواردن و قاپشۆردن و بەخێوکردنی منداڵ، ناچار بووە دەستبەرداری ئەو کارە بێت کە حەزی لێی بووە و دەستی بە خزمەتکردنی ماڵەوە کردووە. 
 
دادگەکە هەروەها بڕیاریداوە مووچەیەکی خانەنشینی بۆ ژنەکە ببڕێتەوە و خۆی و هاوژینی پێشووی تێچووی ماڵ و منداڵەکانیان بە هاوبەشی بگرنە ئەستۆ. 
 
ناوی ژنەکە ئیڤانا مۆرالە. 
 
ئیڤانا مۆرال دەڵێت، بەو بڕیارەی دادگە دڵخۆشە و بە بڕیارێکی زۆر دادپەروەرانە ناوی دەبات. 
 
هەروەها باس لەوە دەکات، بۆ ماوەی 25 ساڵ چاودێریی منداڵەکانی و هاوژینەکەی و ماڵەکەیانی کردووە، بەو واتایەی کە دەستبەرداری هەموو حەز و خولیاکانی بووە. لەسەر ئەم بنەمایە، دادگە دەڵێت، ژنەکە هەموو ژیانی خۆی تەرخانکردووە بۆ کاری ماڵەوە، بۆیە دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە. 
 
ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا کە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و منداڵەکانی گەورە بوون، کەس نییە چاودێری ئەو بکات و خۆیشی بەهۆی کاری ماڵەوە نەیتوانیوە هیچ بەهرەیەک لە کارێکی دیکەدا بەدەستبهێنێت تاوەکو ئێستا خۆی پێ بەخێو بکات.