رووداو دیجیتاڵ
لە تەبلیسی پایتەختی جۆرجیا شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسدا روویدا. هەفتەیەکە هەزاران جۆرجی چوونەتە سەر شەقامەکانی وڵاتەکە دژی پرۆژەیاسایەک و دەڵێن، دەنگی ئازاد و سەربەخۆ دەخنکێنێت.
مەیت ئیرادزێ، خۆپێشاندەر دەڵێت، "لە ساڵی 2012وە، ئەم حکومەتە هەموو هەنگاوێکی ناوە بۆ نزیکبوونەوە لە رووسیا. ئێستا ناچارمان کرد پرۆژەیاساکە بکشێنێتەوە، بەڵام جارێ زووە سەرکەوتن رابگەیێنین. کۆیلەکانی کریملن، لە بەڕێوەبردنی وڵات بەردەوامن و پارتی خەونی جۆرجی و حکومەت و بەرپرسەکانی، سەرجەمیان نوێنەری رووسیان لە جۆرجیا."
پرۆژەیاساکە کە ناوی "سیخوڕی بیانی" بوو، لەلایەن پارتی خەونی جۆرجیی دەسەڵاتدار، ئامادە کرابوو، ئەگەر پەسند کرابا، هەر میدیایەک یان رێکخراوێک 20%ی هاوکاریی دارایی لە دەرەوە وەربگرێت، دادگایی دەکرا.
بەڵام لەدوای شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان، رۆژی هەینی 10-03-2023 پەرلەمانی جۆرجیا پرۆژەیاساکەی رەتکردەوە.
سەلومی زورابیشڤیلی، سەرۆکی جۆرجیا رایگەیاند، "ستایشی دەسەڵاتداران دەکەم بەوەی بڕیاری دروستیان دا و ئەو یاسایەیان هەڵوەشاندەوە، ئەوان بەم هەنگاوە هێزی راستەقینەی گەل و یەکگرتوویی شەقامی تبلیسیان لەبەرچاو گرت."
ئەو پرۆژەیاسایە نەک تەنیا لە نێوخۆی وڵات، کاردانەوەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتووەتەوە.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەو پرۆژەیاسایە، دەنگی سەربەخۆ و خەڵکی جۆرجیا بێدەنگ دەکات. جۆرجییەکان لەوە زیاتریان ناوێت کە پێکەوە کار بکەن بۆ بونیاتنانی ئاییندەیەکی گەش، ئاییندەیەک کە لەگەڵ ئەوروپا تێکەڵ بن، ئاییندەیەک دیموکراسی و ئازاد بێت و تێیدا جۆرجیا وڵاتێکی سەربەخۆ و سەروەر بێت."
دەسەڵاتدارانی جۆرجیا رایانگەیاندووە، ئامانج لەو پرۆژەیاسایە زیاتر شەفاف بوونی دۆخی دارایی ئەو دەزگا و رێکخراوانەیە کە لە دەرەوەی وڵات هاوکاری دەکرێن. خۆپێشاندەرانیش دەڵێن، ئەو پرۆژەیاسایە هەوڵێکی هاوشێوەی رووسیایە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازی و دروستکردنی بەربەستێکیشە لەبەردەم جۆرجیا بۆ ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ