بەلجیکا بەکارهێنانی تیکتۆک لە فەرمانگەکان قەدەخە دەکات

11-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا تیکتۆک لە بەرپرسانی فیدراڵی و بەکارهێنانی لەسەر مۆبایلی کار قەدەخە دەکات و بە "پەیوەندیی هەواڵگری" لەگەڵ حکومەتی چین تۆمەتباری دەکات. 

رۆژی هەینی، 10ـی ئاداری 2023، ئەلێکساندەر دێ کروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا رایگەیاند، "نابێت سادە بین، تیکتۆک بازرگانییەکی چینییە کە ئێستا ناچارکراوە لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی چینی کاربکات و ئەوەش راستییە". 
 
ژمارەیەک حکومەتی وڵاتان لە ئەوروپا هەر خۆی بەکارهێنانی تیکتۆکیان بۆ فەرمانبەرانی حکومەت سنووردارکردووە، هۆکارەکەش بۆ مەترسییی دزەپێکردنی زانیاریی هەستیار لەلایەن ئەپلیکەیشنە چینییەکە دەگەڕێننەوە. 
 
هاوکات، دامەزراوەکانی حکومەت لە یەکێتیی ئەوروپا لەم هەفتانەدا بە ستافەکانیان گوتووە بۆ ئەوەی ئەپلیکەیشتنەکە لەو موبایل و لاپتۆپانە بسڕنەوە کە بۆ کارکردن بەکاریان دێنن.
 
لای خۆیەوە، رۆژی هەینی، گوتەبێژێکی تیکتۆک گوتی: "بەم قەدەخەکردنە بێهویوا بووین، کە لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە لەبارەی کۆمپانیاکەمان رەگی گرتووە". 
 
تیکتۆک گوتیشی کە پلاتفۆرمەکە "کۆمپانیایەکی چینی نییە. کۆمپانیاکەمان لە دەرەوەی چینیش کاردەکات و زۆرینەکەی لەلایەن وەبەرهێنەرە دەرەکییە جیهانییەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێت." گوتیشی کە داتای بەکارهێنەرەکانی لە دەرەوەی چین زەخیرە کراون. 
 
ئەم هەنگاوەی بەلجیکا، کە بۆ سەرەتا شەش مانگ پەیڕەو دەکرێت، لەدوای هەڵسەنگاندنێک لەبارەی مەترسیی سیخوڕیکردن لەنێو ئاژانسە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەدا دێت. 
 
ئەو بڕیارەش بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکە لەسەر مۆبایلی کەسی، یانیش مۆبایلی سیاسەتڤانان و وەزیران ناگرێتەوە.  
 
تیکتۆک، کە ئەپلیکەیشنێکی بەرهەمهێندراوی کۆمپانیای بایت دانسی چینییە، لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی چاودێرییەکی چڕی وڵاتانی رۆژئاوا بووەتەوە، لە کاتێکدا، کە ترسیان لەوە هەیە، پەکین لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە، داتای بەکارهێنەران بدزێت. 
 
رۆژی 27ـی شوباتی 2023، شالاندا یەنگ، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی لە یاداشتێکدا داوای لە فەرمانگە حکومییەکان کرد بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 رۆژدا ئەپلیکەیشنەکە لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی فەرمانگەکان "لاببەن و رێگە بە دووبارە دابەزاندنەوەی نەدەن." 
 
هاوکات، بەهۆی هەبوونی گومان لە دزەپێکردنی داتاکان و مەترسیی سیخوڕی، حکومەتی کەنەدا تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایل و ئامێرەکانی دیکەی خۆی قەدەخە کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران لە تاران. وێنە: Reuters

لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەشنووسی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران پەسند کرا

رەشنووسی بڕیارنامەیەک دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و زیاتربوونی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا. ئێران بڕیارنامەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "نادادپەروەرانە و سیاسییە و لایەنگری پێوە دیارە".