لە کالیفۆرنیا بەفر و باوبۆرانی دوای وشکەساڵی 9 هەزار کەس ناچار دەکات ماڵەکانیان چۆڵبکەن


رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 9 هەزار دانیشتووی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەهۆی لافاوەوە ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ئەوەش بەهۆی دروستبوونی باوبۆرانێکی بەهێز کە بووە هۆی دەرچوونی رووبارەکان لە رێرەوەکانیان.
 
لە ئەنجامی لافاوەکە، چەندین رێگەی سەرەکی ژێر ئاوکەوتن و هاتووچۆ پەکیکەوت. لە ناوچەی سانتا کروز، رووبارێک کە بەهۆی بارانەوە لێشاوەکەی بەرزبووەتەوە، بەشێکی شەقامی سەرەکیی شاری سۆکوێل کە 10 هەزار کەسی تێدایە، رووخاند و رێگەی چەندین گەڕەکی پچڕاند.
 
بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن تیمەکان کاردەکەن بۆ لابردنی دار و پاشماوەی دیکە و دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ ئەوەی خەڵکەکە لە رووبارەکە بپەڕێننەوە.
 
بەرپرسانی ناوچەکە داوایان لە دانیشتووانی شارەکە کردووە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. بەهۆی بەردەوامیی بارانبارینی بەخوڕ، چەندین پارکی گشتی لەنێویاندا پارکە نیشتمانییەکانی سیکۆیا و کینگز کانیۆن بەڕووی سەردانکەراندا داخران.
 
ئەمە دەیەمین جارە زریانێکی وا بەهێز لەم زستانەدا روو لەو ناوچەیەی کالیفۆرنیا دەکات. رووە ئەرێنییەکەی ئەوەیە کە زریانەکان بڕێکی زۆری باران و بەفریان بۆ ویلایەتەکە هێناوە و یارمەتیی کەمکردنەوەی کاریگەریی وشکەساڵییان داوە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوو. 
 
بەنداو و گۆمەکانی ویلایەتەکە، کە ئاوەکەیان بۆ ئاستێکی نزم دابەزیبوو، ئێستا زۆر لە سەرووی ئاستی ئاساییەوە، بە واتایەکی دیکە، پڕبوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی ویلایەتەکە ئاو لە بەنداوەکانەوە بەربدەن بۆ ئەوەی یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی لافاو بدەن و شوێن بۆ بارانبارینی زیاتر خۆش بکەنەوە.
 
بەرپرسانی گواستنەوەی ویلایەتەکە رۆژی هەینی رایانگەیاند کە لە مانگی شوباتدا، هێندە بەفریان راماڵیوە کە 100 یاریگەی تۆپی پێی پێ پڕ دەبوو. 
 
گاڤین نیوزۆم، حاکمی ویلایەتەکە لە چەند هەفتەی رابردوودا دۆخی نائاسایی لە 34 ناوچە راگەیاندووە و ئیدارەی بایدن بەیانیی رۆژی هەینی راگەیاندنی دۆخی کارەساتی بۆ هەندێکیان پەسەند کرد، هەنگاوێک کە هاوکاری فیدراڵی زیاتر دەهێنێتە ناو ویلایەتەکەوە.