کوردستان بۆ حکومەتی ئەلیکترۆنی سوود لە ئەزموونی ئیستۆنیا وەردەگرێت

رووداو - هەولێر

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان لە تالینی پایتەختی ئیستۆنیا لەگەڵ تایمار پیتیرکوپ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد.

بەپێی راگەیێندراوی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیستۆنیا كراوە بەتایبەتی لە بواری سوودوەرگرتن لە سیستەمی حكومەتی ئەلیكترۆنیی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە و چۆنێتیی سوودوەرگرتنی بۆ هەرێمی كوردستان كە دەبێتە هۆی ئاسانكارییی کاروباری حکومەت و خزمەتی باشتر بە خەڵک.

شاندی ئیستۆنیا قۆناخەكانی حكومەتی ئەلیكترۆنیی وڵاتەكەیان بۆ قوباد تاڵەبانی روونكردووەتەوە. هەروەها ئامادەییان دەربڕیوە بۆ سوودوەرگرتن لێی، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 11-3-2019 لەسەر بانگهێشتی سەرۆكوەزیرانی ئیستۆنیا و بەسەردانێكی فەرمی،  قوباد تاڵەبانی  گەیشتە تالینی پایتەختی كۆماری ئیستۆنیا.

ئامانجی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان، ئاشنابوونە بە ئەزموونی پێشكەوتووی ئیستۆنیا لە بوارەكانی حكومەتی ئەلیكترۆنی و بەسیستماتیككردنی دامودەزگاكان لە هەرێمی كوردستان.

ئیستۆنیا ئەندامی یەكێتیی ئەوروپایە، لە ساڵی 1991 وەك یەكێك لە كۆمارەكانی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو، سەربەخۆیی وەرگرت.