گالەری

رووداو دیجیتاڵ

سەربازانی ئیسرائیلی لەژێر بارەگەی سەرەکیی رێکخراوی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتی غەززە، تونێلێکیان دۆزییەوە کە 700 مەتر درێژە و لە قووڵایی 20 مەتر دروستکراوە. 
 
موقەدەم ئیدۆ، فەرماندە لە سوپای ئیسرائیل لەنێو تونێلەکەوە گوتی "20 مەتر لەسەرووی ئێمەوە، بارەگەی سەرەکیی ئۆنروایە. ئەمە ژووری کارەباکەیانە، ئەو هەموو پاتری و هێڵی کارەبایە؛ تەواوی کارەکان لێرەوە کراون؛ تەواوی تۆڕی رووناکی تونێلەکە لێرەوە کاری پێکراوە."
 
تۆڕی تونێلەکانی کەرتی غەززە، کە بە هێڵی میترۆی غەززە ناسراوە، نزیکەی 700 کیلۆمەتر دەبێت و زیاتر لە پێنج هەزار و 700 دەرچەی هەیە. 
 
لە چوار مانگی جەنگدا تەنیا لەسەدا 20٪ـی تونێلەکان لەنێوبراون؛ بۆ دروستکردنی ئەو تونێلانە، حەماس شەش هەزار تۆن کۆنکرێت و هەزار و 800 تۆن شیشی بەکارهێناوە.
 
ئیسرائیل دەڵێت، زۆربەی 132 بارمتەکەی لای گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینن، لەنێو ئەو تونێلانەدا دەستبەسەرن.
 
دان گۆلدفاس، فەرماندەی یەکەی 98ـی سوپای ئیسرائیل گوتی "لەم تونێلەدا ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی دۆزراونەتەوە، بەتایبەتی نارنجۆک و سیستمی بۆمبڕێژکردن و ئاربیجی. ئەوانە ئاماژەن بەوەی ئەوان خۆیان بۆ هێرشکردن ئامادەکردووە."
 
مانگی رابردوو، ئیسرائیل، رێکخراوی ئۆنروای تۆمەتبار کرد بەوەی 12 کارمەندیان هاوکاریی چەکدارانی حەماسیان کردووە لە ‌هێرشەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی پار، دوای ئەو تۆمەتانەش نۆ وڵات هاوکارییەکانیان بۆ رێکخراوەکە راگرت.
 
وێنەکان: ئاژانسی فرانس پرێس