ترەمپ هانی رووسیا دەدات هێرش بکاتە سەر ئەو ئەندامانەی ناتۆ کە پارە نادەن
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی لێدوانە نوێیەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی رووسیاوە بەرامبەر بە وڵاتانی ناتۆ بە "شێتانە" ناودەبات.
لە گوتارێکیدا لەبەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 رایگەیاند، هانی رووسیا دەدات هێرش بکاتە سەر هەر هاوپەیمانێکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، کە ئەرکی دارایی خۆی جێبەجێ ناکات.
بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هاوکارییە سەربازی و داراییەکانی ئیدارەی بایدن بۆ ئۆکراینا لەکاتی ئەم جەنگەدا نەشاردەوە.
ترەمپ گوتی، ئەو کاتەی سەرۆکی ئەمریکا بووە، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ناتۆدا بە سەرۆکی وڵاتێکی هاوپەیمانی راگەیاندووە، ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ئەو بەرگری لە هیچ وڵاتێک ناکات کە بەرپرسیارێتیی دارایی لە ناتۆ ناگرێتە ئەستۆ.
ترەمپ لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی شەممە لە کارۆلاینای باشوور گوتی، "یەکێک لە سەرۆکی وڵاتە گەورەکان هەستایە سەر پێ و رایگەیاند، "بەڕێز، ئەگەر ئێمە پارە نەدەین و لەلایەن رووسیاوە هێرش بکرێتەسەرمان، بەرگریمان لێدەکەیت؟ منیش وەڵامم دایەوە و گوتم: پارە نەدەیت؟ تۆ تاوانباری. نەخێر بەرگریتان لێناکەین. راستییەکەی، هانی دەدەم بۆ ئەوەی هەر شتێکی خراپی ویست، بەرامبەرتان بیکات. دەبێت پارە بدەن."
دوای لێدوانەکانی ترەمپ، کۆشکی سپی وەڵامی دایەوە و قسەکانی ترەمپی بە "شێتانە" ناوبرد.
ئەندرو بەیتس، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەو بارەوە گوتی، "هاندانی داگیرکردنی نزیکترین هاوپەیمانەکانمان لەلایەن رژێمە بکوژرەکانەوە، قێزەون و شێتانەیە و مەترسییش بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و ئابووریی ئەمریکا دروست دەکات."
لە ساڵی 2016 و لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد لەو هاوپەیمانێتییە سەربازییە بچێتە دەرەوە، ئەگەر وڵاتانی ئەندام نەتوانن 2%ی داهاتی وڵاتەکەیان بۆ بواری سەربازی خەرج بکەن.
بەگوێرەی پەیڕەوی هاوپەیمانیی ناتۆ، دەبێت سەرجەم 31 ئەندامەکەی ئەو هاوپەیمانێتییە ساڵانە لانیکەم 2٪ی داهاتی وڵاتەکەیان لەبواری بەرگرییدا خەرج بکەن.