لەندەن..کۆمیتەی حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبوونەوە

رووداو - لەندەن

ئه‌گه‌ر شه‌ڕ و به‌رگرییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان له‌ دژی داعش له‌ باشووری كوردستان به‌ چه‌ك و فڕۆكه‌ بێت، له‌ هه‌نده‌رانیش كورد به‌جۆرێكی دیكه‌ شه‌ڕ ده‌كات.

كۆمێته‌ی هاوكاریی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ بریتانیا ئه‌مجاره‌ش شه‌ڕی دیپلۆماسییان برده‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ له‌نده‌ن.

به‌شداریكردنی راسته‌وخۆی شه‌ڕ له‌ رێگه‌ی هێزی پیاده‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكا، وه‌ك به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌و وڵاته‌ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رێكی پێشبینی كراوه‌، كوردیش هه‌مان داواكاری له‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌.

جۆناتان پیكارت ـ به‌رپرسی دۆسیه‌ی كوردی له‌ باڵیۆزخانه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وڕووپا به‌ شاندی كۆمیته‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كانی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌مریكا وه‌ك شه‌ریكێك، پێشكه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌رز ده‌نرخێنێت له‌ باشوور و رۆژئاوای كوردستان.

كۆمیته‌ی هاوكاری حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ زۆرینه‌ی حزبه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان پێك هاتووه‌ و به‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی بریتانیا قسه‌ ده‌كه‌ن.