رووداو دیجیتاڵ
بانگەشەی هەڵبژاردنی دوو لە دیارترین پارتەکانی ئەڵمانیا (پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) دەستیپێکرد. بەرپرسانی ئەو پارتانە هێرش دەکەنە سەر یەکدی و پلانەکانیان بۆ داهاتوو رادەگەیێنن. کۆچبەری چەکێکی بەهێزی دەستی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیایە کە پێشبینی هەڵکشانی دەنگەکانی دەکرێت.
بڕیارە رۆژی 23ـی شوباتی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بکرێت، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 27ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا، پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و ئەو رۆژەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد.
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە دوای ئەوە هات، کە هەفتەیەک پێشتر، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا شکستی هێنا لەوەی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی وڵاتەکەی کۆبکاتەوە.
پارتە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی سۆسیال دیموکراتی چەپڕۆی میانڕۆی شۆڵتز و پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بانگەشەکانیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە تووندتر کردووە.
ئەڵمانیا چۆن گەیشت بە بڕیاری کردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت؟
رۆژی 7ـی تشرینی دووەمی پار، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکەی (پارتی سۆشیال دیموکرات) لە بەرلین بڕیاری دوورخستنەوەی کریستیان لیندنە، وەزیری دارایی دا کە هاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئازادی میانڕۆی راستڕۆیە، ئەوەش کاردانەوەی پارتەکەی بەدواداهات.
میدیای ئەڵمانیا هۆکاری لەکارلادانی وەزیرەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە داوای ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پلانی بودجەی 2025 دا کرد. ئەوەش لەلایەن دوو پێکهێنەرەکەی دیکەی حکومەتەوە کە پارتی سۆشیال دیموکرات و سەوزەکانن، رەتکرابووەوە.
دوای بڕیارەکە، لیندنە گوتی: "ئۆلاف شۆڵتز شکستی هێناوە لە دانانی پلانێکی ئابووریی پێویست بۆ هەستانەوەی وڵاتەکەمان. ئەو هەموو کات نیگەرانییە ئابوورییەکانی خەڵکی پشتگوێ خستووە. ئێستاش گومان لەسەر ژمارەیەک بڕیار دروستدەکات کە وادەکات خەڵک شانازی بە ئەڵمانیا بکاتەوە."
دوای ئەم هەنگاوە، پارتەکەی لیندنە کە جگە لەم وەزیرە، سێ وەزیری دیکەشی لە کابینەکەی شۆڵتزدا هەیە، سەرجەمیانی کشاندەوە، بەڵام دووانیان رەتیانکردەوە پابەندی بڕیارەکە بن.
هەروەها ئەو کات، شۆڵتز بڕیاری دا، بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئاداری داهاتوو یان بەردەوامی بە حکومەتی ئێستا لە کانوونی دووەمی داهاتوودا بخرێتە دەنگدانەوە.
شۆڵتز: چوار ساڵی داهاتوو یەکلاکەرەوەیە و کاتی قسەی بێمانا نییە
رۆژی 11ـی کانوونی دووەمی 2024، لە بەرلین بەرپرسان و ئەندامانی پارتی سۆسیال دیموکرات کۆبوونەوەیەکی گشتگیریان وەکو بانگەشەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان رێکخست.
شۆڵتز گوتی، "چوار ساڵی داهاتوو ساڵانی یەکلاکەرەوەن. ئێستا کاتی شەفافی و وریابوونە کە پەیوەندی بە ئەزموونەوە هەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان ئەو کاتە قورسە تێپەڕێنێت". دەشڵێت، "ئێستا کاتی قسەی پووچ نییە! کاتی بیرۆکەی کۆن نییە!"
سەبارەت بە حکومەتی پێشوو کە لەدەستی خۆیاندا بوو، شۆڵتز هێرشیکردە سەر هاوپەیمانیی پارتەکەی لەگەڵ سەوزەکان و پارتی لیبڕاڵەکانی ئەڵمانیا کە حکومەتیان پێکهێنابوو و ئاماژەی بەوە کرد، "سێ ساڵی ماندووکەرمان لەنێو هاوپەیمانییەکەماندا هەبوو. ژمارەیەکی زۆر ناکۆکی و بێ متمانەیی لەنێوانماندا هەبوو."
دوای کۆبوونەوە گشتگیرەکەی ئەمڕۆی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی سۆشیال دیموکرات، ئۆلاف شۆڵتز وەکو بەربژێری پارتەکە بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا دەستنیشانکرایەوە.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا: سنوورەکان دادەخەین
رۆژی 11ـی کانوونی دووەمی 2025، پارتی جێگرە بۆ ئەڵمانیای راسترۆی تووندرۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی لە هەرێمی زاکسۆنی دەستپێکرد. زانکسۆنی بە یەکێک لەو هەرێمانە دادەندرێت کە پارتە راستڕۆکە زۆرترین دەنگدەری تێدا هەیە.
ئەلیس ڤیدل، سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا وەکو رەخنە و هێرشکردنەسەر پێکهێنەرانی حکومەتی پێشووی وڵاتەکە رایگەیاند، "پلانمان بۆ داهاتووی ئەڵمانیا هەیە کە لە 100 رۆژی یەکەمی گرتنەدەستی حکومەتەوە جێبەجێی دەکەین. دەمانەوێت سنوورەکان بەتەواوەتی دابخەین و هەموو کۆچبەرێکی نایاسایی و بێ بەڵگەنامە رەتدەکەینەوە." گوتیشی، "نامەیەکی زۆر روون بۆ جیهان: سنوورەکانی ئەڵمانیا دادەخرێن".
ڤیدل کە بە بەربژێری پارتەکەی بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا بەربژێرکراوە جەختی لەوەش کردەوە، هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ کۆچبەران رادەگرن و دەیاننێرنەوە وڵاتەکانیان تەنانەت ئەگەر بە زۆریش بێت.
پرسی کۆچبەری یەکێکە لە پرسە یەکلاکەرەوەکانی ئەڵمانیا. بە گوێرەی دوایین راپرسی میدیای ئەو وڵاتە، 73٪ی هاووڵاتییانیان پاڵپشتی تووندکردنی سنوورەکان دژی کۆچبەران دەکەن و 71یشیان پاڵپشتی دیپۆرتکردنەوەیان دەکەن.
دوایین راپرسییەکان چی دەڵێن سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا؟
بەگوێرەی دوایین راپرسیی میدیای ئەڵمانیا، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، هاوپەیمانیی یەکێتیی سۆشیال کریستیانی باڤاریا و یەکێتیی کریستیان دیموکراتی پارێزگار 32.1٪، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 18.6٪، پارتی سۆشیال دیموکرات 15.9٪ و سەوزەکانیش 13.2٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ