پەرلەمانی بەریتانیا تاوتوێی پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دەکات

11-01-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسا نوێیەکەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆ رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا لە نێوەڕاستی ئەفریقا، جارێکی دیکە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە تاوتوێ بکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 10ی کانوونی دووەمی 2024، پێنی مۆردنت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پارێزگارانی بەریتانیی دەسەڵاتدار رایگەیاند، پڕۆژەیاسا نوێیەکەی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا لە رۆژانی 16 و 17ی کانوونی دووەم خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت. 
 
مانگی رابردوو، لەنێوخۆی پارتی پارێزگاران ناکۆکییەکی قووڵ لەسەر پڕۆژەیاساکە دروست بوو، کە بووە هۆی ئەوەی وەزیری کۆچبەران واز لە پۆستەکەی بهێنێت.
 
هەروەها ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران، کە هەمان پارتی ریشی سووناکە، هەڕەشەی ئەوەیان کردووە هەفتەی داهاتوو بەشداری دانیشتنی پەرلەمان ناکەن، یان دەنگ بە پڕۆژەیاساکە نادەن، بەڵام ئەگەر تاوەکو هەفتەی داهاتوو، پڕۆژەیاسایەکە هەندێک دەستکاری بکرێت و رەشنووسەکە تووندتر بکەن، ئەوا ئامادەن دەنگی پێبدەن و پەسندی بکەن. 
 
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت لەرێگەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە، رێکاری وەرگرتنی کۆچبەران تووندتر بکات و کۆچبەران کە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بە نایاسایی روودەکەنە ئەو وڵاتە، سارد بکەنەوە. 
 
سووناک لەکاتی دەستبەکاربوونی لە تشرینی یەکەمی 2022، رایگەیاند یەکێک لە ئامانجەکانی حکومەتەکەی راگرتنی چوونی کۆچبەران دەبێت بۆ وڵاتەکەی و بەڵێنیشیداوە جێبەجێکردنی پلانی رواندا بکاتە یەکێک لە دروشمەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.  
 
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، دادگەی باڵای بەریتانیا، پلانی رەوانەکردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا رەتکردەوە و رایگەیاند ئەو هەنگاوە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە.
 
لە دوای بڕیارەکەی دادگە، سووناک رازی بوو بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاساکە بەو هیوایەی ئەم جارە لە پەرلەمان و لەلایەن دادگەوە پەسند بکرێت و پلانەکەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
لەساڵی 2023 زیاتر لە 29 هەزار و 400 کۆچبەر لە فەرەنساوە و لە رێگەی بەلەمەوە چوونەتە بەریتانیا، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکان، چوونی کۆچبەران پار 36٪ کەمیکردووە بە بەراورد بە ساڵی 2022، زیاتر لە 45 هەزار 700 کۆچبەر خۆیان گەیاندبووە بەریتانیا. 
 
 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا