رووداو دیجیتاڵ
دەیڤد پۆڵاک پسپۆر و شارەزایی ناسراوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەمەنی 73 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە واشنتن کۆچی دواییکرد.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2024، ماڵباتی دەیڤد پۆڵاک رایگەیاند، پۆڵاک لەدوای ململانێیەکی چەند ساڵی لەگەڵ نەخۆشیدا، لە واشنتن کۆچی دواییکرد.
پۆڵاک کە لەساڵی 1986 بۆ 2003، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چەندین پۆستدا کاری کردووە و پێش جەنگی عێراق لە ساڵی 2002، گەورە راوێژکاری وەزارەتی دەرەوە بووە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ماوەی چوار ساڵیش بەرپرسی پلاندانان بووە لە وەزارەتی دەرەوە.
دەیڤد بێجگە لەوەی شارەزاییەکی باشی لە سیاسەت و دۆخی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت کورد و عێراق هەبوو، زمانەکانی کوردی، عەرەبی و عیبیری بەباشی زانیووە. چەندین جاریش لە نێو هاووڵاتییانی وڵاتانی ناوچەکە راپرسی لەسەر پرسە گەرمەکان کردووە.
دوابۆچوونیشی لەسەر هەڵوێستی سعودیە لەجەنگی غەززە لە رۆژنامەی ناسراوی ئەمریکی نیویۆڕک تایمز بڵاوکراوەتەوە.
لەبارەی کۆچی دوایی دەیڤد پۆڵاک، ئینستیوتی کورد لە واشنتن، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، "هەوڵ و کۆششی دەیڤد بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پرسی کورد لە ناوچەکە، هەرگیز لەبیر ناکرێت و کار و تێگەیشتنی بۆ ئەو پرسە، لەلایەن گەلی کوردەوە بەگەورەیی دەبینرێت."
لەدوای دوورکەوتنەوەی لە کاری حکومی. دەیڤد لەساڵی 2007 دەچێتە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نزیک و لەوێ چەندین توێژینەوە و راپۆرتی لەبارەی پێشهات و ناکۆکییە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ