سویسرا سزای 20 ساڵ بەندکردنی بۆ بکوژێکی سویسری - تورکیایی دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە سویسرا پیاوێکی خاوەن وڵاتینامەی سویسری و تورکیایی بە تاوانی کوشتنی کەسێک بە 20 ساڵ بەندکردن سزادرا.
تاوانبارەکە ناوی عومەرە، تەمەنی 29 ساڵە و تۆمەتەکانی کوشتن، هەوڵدان بۆ کوشتن، هەوڵدان بۆ سووتاندنی وێستگەیەکی سووتەمەنی، پشتیوانیکردنی داعش و یاساشکێنی بەسەردا ساخکرانەوە.
لە ئێوارەی 12ی ئەیلوولی 2020، عومەر بە چەقۆ هاووڵاتییەکی پۆرتوگالیی تەمەن 29 ساڵی لە رێستورانتێکی شارۆچکەی مۆرگێسدا کە دەکەوێتە سەر دەریاچەی جنێفی سویسرا کوشت.
دادگەی تاوانکاریی فیدراڵیی سویسرا، لە کاتی راگەیاندنی بڕیارەکەدا گوتی، ئەو هێرشە "هاندەری جیهادیی لە پشتەوە بووە."
دادگەکە دەڵێت، عومەر پێش ئەوەی ئەو تاوانە بکات، لە رۆژی هێرشەکەدا، چەند شوێنێک گەڕاوە، چەقۆیەکی پەیداکردووە و دواتر "بە شێوەیەکی دڕندانە و بە ئەنقەست" ئەو کارەی کردووە.
بەگوێرەی دادگەکە، پێش کوشتنی ئەو کەسە، عومەر چەندین سەرپێچی دیکەی کردووە، لەوانەش بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی داعش و هەوڵدان بۆ چوونە عێراق و سووریا بۆ نێو رێکخراوە پەڕگیرەکە.
عومەر لە ساڵی 2019 بەرەو سووریا بەڕێکەوتبوو، بەڵام لە ئیتاڵیا بەولاوە تێنەپەڕی و دواتر گەڕایەوە سویسرا.
دادگەکە دەڵێت، لە هەمان ساڵدا، عومەر چەند جارێک هەوڵیداوە وێستگەیەکی سووتەمەنی لە شوێنێکی نیشتەجێبوون بسووتێنێت، بەوەش ژیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە.
هەروەها لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا چەند رۆژێک دوای تاوانەکەی، هەوڵیدابوو بە چەقۆ هێرشبکاتە سەر پاسەوانێک. دادگەکە باس لەوە دەکات، "عومەر هیچ پەشیمانییەکی دەرنەبڕیوە."