شەش کەس لە ئەمریکا بەهۆی زریانەوە گیانیان لەدەستدا؛ 23 کەسی دیکە برینداربوون

رووداو دیجیتاڵ 

زریانێکی بەهێز ویلایەتی تێنیسیی ئەمریکای گرتووەتەوە. زریانەکە زیانێکی زۆری بە ماڵ و حاڵی هاووڵاتیان گەیاندووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 6 کەس و برینداربوونی 23 کەسی دیکە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ویلایەتی تێنیسی، ئەو زریانەی لە دوێنێوە بەشی زۆری ویلایەتەکەی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 6 کەس و برینداربوونی 23 کەسی دیکە. سێ کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە شاری ناشڤیڵن کە ناوەندی ویلایەتەکەیە. ناشڤیڵ بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری کوردەوە بە "کوردستانی بچووک" دەناسرێت. 
 
زریانەکە شاری کلارکسڤیلیشی لە باکووری ویلایەتەکە گرتووەتەوە. جۆ پیتس، سەرۆکشارەوانیی کلارکسڤیل دەڵێت، هەوڵی تیمەکانیان بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیان بەردەوامە؛ گوتیشی، بەهۆی دۆخەکەوە رۆژی شەممە، کاژێر 21:00 (6:00ی بەیانی رۆژی یەکشەممە بە کاتی هەولێر) دۆخی لەناکاویان راگەیاندووە. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ناوچەی مۆنتگۆمێریش لە هەمان ویلایەت، لەوێ زریانەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس کە لە نێویاندا منداڵێک هەیە.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی 86 هەزار کەس لە ویلایەتەکە کارەبایان بڕاوە. هەروەها بەهۆی بایە بەهێزەکەوە ژمارەیەک خانوو رووخاون، دار شکاونەتەوە، ئۆتۆمبێل تێکچوون و تەلی کارەبا پچڕاون.
 
لەبارەی ئەگەری بەردەوامیی زریانەکە، سەنتەری کەشناسیی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەری هەیە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت؛ پێشبینی دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی ئەمریکا خێرایی بایەکە بگاتە 96.5 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. 
 
ساڵی رابردوو لە ئەنجامی کارەساتە سرووشتییەکان 466 کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیانیان لەدەستدا کە 123 کەسیان بەهۆی شەپۆلەکانی سەرماوە بوو.