خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دەبەخشرێتە نێرگس محەممەدی کە لە تاران زیندانیکراوە

رووداو دیجیتاڵ

کچ، کوڕ، هاوژین و برای نێرگس محەمەدی لە ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویج لە لایەن لیژنەی نۆبڵەوە پێشوازییان لێکرا، ئەمڕۆ لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی؛ خەڵاتەکە دەبەخشێتە نێرگس محەمەدی کە لە زیندانی ئیڤینی تارانە.
 
حەمیدرەزا محەمەدی، برای نێرگس محەمەدی گوتی " ئەو، ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەدا نییە. ئەو لە زینداندایە و بۆ پشتگیرکردن لە مافی کەمینە ئایینییەکانی ئێران دەستی بە مانگرتن کردووە. هەرچەندە نێرگس لەگەڵ ئێمەدا نییە، بەڵام بە دڵ و گیانمان هەست بە بوونی دەکەین."
 
نێرگس محەمەدیی تەمەن 51 ساڵ، لە دایکبووی زنجانی ئێران بۆ زیاتر لە دوو دەیەیە چالاکڤانی مافی مرۆڤە و لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2009ـی ئەو وڵاتە، دوو جار زیندانی کراوە و جاری سێیەم کە لە ساڵی 2021 بوو، خرایە زیندانی ئێڤین و تاوەکو ئێستاش دەستبەسەرە؛ هاوژین و منداڵەکانی محەمەدی لە دەرەوەی ئێران دەژین و زیاتر لە هەشت ساڵە یەکدییان نەبینیوە.
 
کیانا رەحمانی، کچی نێرگس محەممەدی دەڵێ "دەبێت لە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی تێبگەین تاوەکو لە قوربانیی دایکم و ژنانی دیکە لەپێناو ئازادی و دیموکراسی تێبگەین. سەبارەت بە بینینەوەی دایکم، رەشبینم چونکە دەزانم پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بە دایکم، وا لە رژێمی ئێرانی دەکات گوشارەکانی سەری زیاتر بکات و ئازادییەکانی سنووردارتر بکات."
 
نێرگس محەمەدی پێشتریش خەڵاتی بۆ چالاکییەکانی لەپێناو مافەکانی مرۆڤ وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی ساخارۆف لە ساڵی 2018؛ مەدالیای ئازایەتیی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ساڵی 2022 و ئەمساڵیش براوەی هەردوو خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەگەریی پێنی ئەمریکا و خەڵاتی ئازادی رۆژنامەگەریی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.