ڤیدیۆ؛ بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار باسی ژیانی بندەستیی حەماس دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای 50 رۆژ لە ژیانی بندەستیی بزووتنەوەی حەماس، بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار باسی ئەو ماوەیەی ژیانیان دەکەن کە لەلای چەکدارانی حەماس و لەنێو توونێلەکانی کەرتی غەززە بەسەریان برد.
ئیتای راگێڤ، بارمتەی ئازادکراو دەڵێت، "ئەو رۆژانەی لەوێ بووین هەر کۆتایی نەدەهات. رۆژانی زۆر سەخت بوون. جا ئەوە برسێتییە. بیرکردنی کەسوکارتە، لەڕووی دەروونییەوە زۆر سەخت بوو، دۆخەکەش زۆر زەحمەت بوو."
مایا راگێڤ، بارمتەی ئازادکراو ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو رۆژێک لەوێ وەکو دۆزەخ وابوو. ترسێکی نائاسایی، خەوتن نییە. شەوە درێژەکان شێتانەیە و ناشزانیت چیت بەسەردێت. ئەوە لە هەمووی ترسناکترە."
لە ماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، 105 بارمتە ئازاد کران، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 240 گیراوی فەلەستینیی ئازاد کرد.
ئیسرائیل دەڵێت سەرەڕای ئازادکردنی ئەو بارمتانە، هێشتا 137 بارمتەی دیکە لای گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینینە و هەموو هەوڵێک دەدەن ئەوانیش ئازاد بکەن.
ئۆفیلیا رۆیتمان، بارمتەی ئازادکراو گوتی، "ئەوان بە تراکتۆر منیان بردە نێو غەززە. کاتێک لە ماڵەکەم بردیانم، دەستیان بە خراپی بریندار کردم. لە دوو هەفتەی یەکەم زۆر دەترسام، هەستم دەکرد شێت بووم، چونکە بە تەنیا بووم. لە تاریکیدا بووم و خواردنێکی کەمیان دەدامێ. خواردن بۆ من گرنگ بوو، هەمیشە نانم بەدەستەوە دەهێشتەوە، هۆڵۆکۆستی بیردەهێنامەوە. ئەو رۆژانە زۆر سەخت بوون. رۆژێکی ئەوێ بە هەفتەیەک بوو."
جەنگی غەززە، دوو مانگی تێپەڕاندووە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 1200 ئیسرائیلی کوژراون. فەلەستینییەکانیش دەڵێن، زیاتر لە 17 هەزار و 700 فەلەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، کە 70%یان ئافرەت و منداڵن.