پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکات قەدەخەی گەشتکردن لەسەر خێزانی ژینا ئەمینی هەڵبگیرێت

10-12-2023
فواد حەقیقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە ئێران کردووە، رێگە بە خێزانی ژینا ئەمینی بدرێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ سەردانی فەرەنسا بکەن. باوکی ژینا ئەمینی دەڵێت، "وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رێگە نادات گەشت بکەین."
 
رۆبێرتا مەتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا شەوی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوای لە حکومەتی ئێران کرد بڕیاری قەدەخەی گەشتی دایک، باوک و برای ژینا ئەمینی هەڵوەشێنێتەوە. ئەو دەڵێت، "راستی ناشاردرێتەوە."
 
کەسوکاری ژینا ئەمینی بەنیاز بوون گەشت بکەن بۆ فەرەنسا، دەچوون بۆ ئەوەی خەڵاتی ساخارۆڤ وەربگرن، کە ئەم ساڵ بە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران دراوە، بەڵام لە فڕۆکەخانەی تاران رێگەیان پێنەدرا گەشتەکەیان بکەن.
 
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پێشتر قایمقامیەتی (سەقز)، پارێزگای سنە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەمان لە گەشتەکەمان ئاگادار کردبووەوە، بەڵام هیچیان نەیانگوتبوو مافی گەشتکردنتان نییە."
 
ئەمینی گوتوویەتی، "ئێمە ڤیزەمان هەبووە و دەمانویست بە شێوەی یاسایی گەشت بکەین، بەڵام دوای ئەوەی چووینە فڕۆکەخانەی تاران، پسوولەی گەشتکردنمان وەرگرت و جانتاکانمان رادەست کرد، پۆلیسی گەشتکردن گوتی، گەشتکردن لێتان قەدەخەیە. دوای ئەوە دەستیان بەسەر پاسپۆرتی خۆم، هاوژین و کوڕەکەمدا گرت و رێگەیان نەدا گەشت بکەین."
 
بە گوتەی ئەمجەد ئەمینی، لە فڕۆکەخانەوە ئەوانیان ناردووەتە داواکاری گشتیی تاران و لەوێ پێیان گوتراوە، "خێزانی ئێوە لەسەر داواکاریی (وەزارەتی ئیتلاعات) گەشتکردنیان لێ قەدەخە کراوە."
 
ئەمجەد ئەمینی لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، "پرسیارم لە بەرپرسانی داواکاری تاران کردووە کە من و خێزانەکەم بە چ تاوانێک مافەکانمان پێشێل دەکرێت و گەشتمان لێ قەدەخە دەکرێت، بەڵام هیچ وەڵامێکی روونیان نەدایەوە."
 
بە گوتەی ئەمجەد ئەمینی، لە داواکاری گشتیی تاران پێیان گوتوون، دوای رۆژی 20-01-2024 پاسپۆرتەکانیان پێدەدرێتەوە، هەڵبەت ئەگەر قەدەخەی گەشت لەسەریان هەڵبگیرێت.
 
ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی، لەگەڵ ئەواندا بووە، بەڵام گەشتکردن لەو قەدەخە نەکراوە و بە گوتەی خۆی، بە نوێنەرایەتیی ئەو خێزانە خەڵاتی ساخارۆڤ وەردەگرێت.
 
پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساڵی 2023ی ساخارۆڤی پێشکێش بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کرد، رێوڕەسمی پێدانی خەڵاتەکەش لە رۆژی 12-12-2023 بەڕێوەدەچێت.
 
خێزانی ژینا ئەمینی لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بە شێوەی فەرمی بانگهێشت کرابوون و بڕیار بوو لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا خەڵاتی ساخارۆڤ وەربگرن.
 
خەڵاتی ساخارۆڤ بەو کەس و گرووپانە دەدرێت کە  ژیانی خۆیان بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین تەرخان دەکەن. پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 1988ەوە ئەم خەڵاتەی بۆ رێزگرتن لە ئاندرێ ساخارۆڤ، زانای رووسییەوە، دامەزراند.
 
ژینا ئەمینی کچیکی 22 ساڵ تەمەنی خەڵکی سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە 13.09.2022 لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر باری تەندروستیی تێکچوو و 3 رۆژ دواتر گیانی لەدەستدا. باوکی ژینا دەڵێت کچەکەی کوژراوە.
 
گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی کەم وێنە و بۆ ماوەی چەندین مانگ بەردەوام بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دوای لافاوەکەی ئەفغانستان. وێنە: AFP

لە ئەفغانستان بەهۆی زریان و لافاو 35 کەس گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو دروستبووە و لانیکەم 35 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکە 230 کەسی دیکەش بریندار بوون.