جیهان
کۆچکردن لە کەنەدا لەکاتێکدایە، حکومەتی کەنەدا ئاشکرای کردووە، ئەم ساڵ 263 هەزار پەنابەری وەرگرتووە. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە کەنەدا، بە هەزاران کەنەدی و پەنابەری ناچار کردووە ئەو وڵاتە جێبهێڵن و روو لە وڵاتانی دیکە بکەن.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری حکومەتی کەنەدا کە رۆژی شەممە 09-12-2023 بڵاویکردووەتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا لانیکەم 42 هەزار کەس کەنەدایان جێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی دیکە کردووە، هۆکارەکەشی زۆریی تێچووی ژیان و زیادبوونی هەڵاوسان بووە.
دەزگەی ئاماری کەنەدی ئاماژەی بەوە کردووە، لە سێ ساڵی رابردوودا 221 هەزار 745 کەس وڵاتەکەیان جێهێشتووە؛ پار زیاتر لە 93 هەزار کەس و لە ساڵی 2021یش، زیاتر لە 85 هەزار کەس کەنەدایان جێهێشتووە.
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە شەش ساڵی رابردوودا یەکێک لە ئامانجەکانی راکێشانی زیاتر پەنابەری دەستڕەنگین بووە بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش بە مەبەستی بەهێزکردنی ئابووریی وڵاتەکەی.
کۆچکردن لە کەنەدا لە کاتێکدایە، حکومەتی کەنەدا ئاشکرای کردووە ئەم ساڵ 263 هەزار پەنابەری وەرگرتووە.
هەروەها ساڵی رابردوو، حکومەتی کەنەدا ئاشکرای کرد، بۆ بەهێزکردنەوەی ئابووریی وڵاتەکە و پڕکردنەوەی بۆشایی دەستی کار لەنێو کۆمەڵگەی کەنەدی، لە ساڵی 2025وە پلانیان هەیە 500 هەزار پەنابەر وەربگرن.
لەگەڵ زیادبوونی کۆچی پێچەوانە لە کەنەدا، حکومەتەکەی ترودۆ رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە، چونکە راکێشانی کۆچبەران و بەهێزکردنی دەستی کار لەنێو بازاڕی ئەو وڵاتە بە پەنابەران یەکێک بووە لە بناخەی سیاسەتی حکومەتەکەی، کە لە هەشت ساڵی دەستبەکاربوونی زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری وەرگرتووە و ئێستا نزیکەی 1%ی ژمارەی دانیشتووانی کەنەدا کە 38 ملیۆن کەسن، پێکدەهێنن.
بەگوێرەی میدیای کەنەدی، 60%ی کەنەدییەکان، بەشێکی زۆر مووچەی مانگانەیان تەنیا بەشی کرێی مانگانەی خانوو و شوقە دەکات و لەشارەکانی وەکو ڤانکوڤەر و تۆرنتۆ ئەو رێژەیە زۆر زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ