رێستۆرانتێک لە چین "سەهۆڵی برژاو" دەفرۆشێت

رووداو دیجیتاڵ

ماسیی برژاو، گۆشتی برژاو، نانی برژاو و زۆر شتی دیکەی برژاو دڵخوازی خەڵکن، بەڵام رێستۆرانتێک لە شاری شانگشا لە چین "سەهۆڵی برژاو" بە خەڵک دەفرۆشێت. 
 
هەر کڕیارێک رووی تێدەکا، شێفی رێستۆرانتەکە سەتڵێک سەهۆڵی بۆ دەکاتە سەر تاوەیەک، گوایە دەیبرژێنێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە برژاندن نییە بەڵکو تەنیا گیراوەی پێدا دەکات و خەڵکیش لێی کۆدەبنەوە.
 
جای ئەو شێفە چینییەیە کە سەهۆڵ دەبرژێنێت، ئەو دەڵێ "بڕیارمدا سەهۆڵ ببڕژێنم چونکە لە باکووری رۆژهەڵات بەفر دەباری، پێیان گوتم لە باکووری رۆژهەڵات هەموو شتێک دەبرژێنن، منیش سەهۆڵم برژاند و ئەنجامەکەی باش بوو."
 
هەموو خەڵك دەزانن سەهۆڵ تامی نییە، بەڵام ئەو گیراوەیەی پێیدا دەکات، زیاتر سەرنجی کڕیاران رادەکێشێت. 
 
شێف جای خۆی دان بەوەدا دەنێت بیرۆکەکەی هیچ مانایەکی نییە. دەڵێ "ئێمە سەهۆڵ دەبرژێنین بۆ سەرنجڕاکێشانی سەردانکەران، تۆڕە کۆمەڵاتییەکانیش سەرنجی زیاتری خەڵك بە لاماندا رادەکێشن، ئەگەرنا ئەم سەهۆڵە هەر ناخورێ. بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵك دەیانبرژێنین."
 
یەکەمجار نییە لە چین خۆراکی سەیر و نامۆ بە خەڵكی دەفرۆشرێت؛ پێشتر لە پارێزگەی هانوون دەستگێڕێک بەردی لە رووبار دەردەهێنا و بەهاراتی پێدا دەکرد و خەڵکیش دەوریان لێی دەدا.