توێژینەوەیەک: 4.5 ملیار ساڵ لەمەوبەر هەسارەیەک بە زەویدا کێشاوە و مانگی لێ دروستبووە

10-11-2023
هێمن بەکر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

4.5 ملیار ساڵ لەمەوبەر، ناوچەکەی خۆمان لە گەردوون کە پێی دەگوترێت کۆمەڵەی خۆر، مەیدانێکی پڕ لە هەسارە و پارچە تەنی جۆراوجۆر بووە و بەدرێژایی ملیاران ساڵ بەیەکیاندا کێشاوە، بەوشێوەیەش بەشێکیان سوودیان بۆ بەشەکەی دیکەیان هەبووە. ئەمە ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی جیۆفیزیکییە.
 
سەرەتای ئەم مانگە توێژینەوەیەک لە گۆڤاری زانستیی Nature بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە، 4.5 ملیار ساڵ لەمەوبەر، هەر لەوکاتەی زەوی خەریکی شکڵگرتن بووە، تەنێکی هەسارەیی، بە قەبارەی مەریخ، پێیدا کێشاوە. زاناکان بە مەبەستی ناسینەوە، ئەو هەسارەیەیان ناوناوە (تیا - Theia).
 
لە توێژینەوەکانی رابردوودا ئەوە سەلمێندراوە کە تەمەنی زەوی بۆ نزیکەی 4.6 ملیار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە بۆ ژیان بەم رادەیە گونجاو بێت، بریتییە لە هەبوونی مانگێکی لەم جۆرەی ئێستا.
 
توێژینەوە نوێیەکە وای بۆ دەچێت، لە پاش پێکدادانی لەگەڵ زەویدا، بەشێک لە تیا بەجێمابێت و بەشە زۆرەکەی بووبێتە هۆی دروستبوون و پێکهاتنی مانگی زەوی بەم جۆرەی کە ئێستا هەیە.
 
کیان یوان، جیۆفیزیست و ژمارەیەک لە هاوپیشەی لە پەیمانگەی تەکنەلۆجیی کالیفۆرنیا سەرپەرشتیی توێژینەوەکەیان کردووە.
 
ئەو جیۆفیزیستە دەڵێت، "لە رێگەی تەکنەلۆجیاوە توانیمان ئەو مادانەی لە جەمسەرەکانی مانگ هەن لەگەڵ بەشێک لەو مادانەی لەناو زەویدا هەن، ئەوانەی لە قووڵایی نزیکەی سێ هەزار کیلۆمەتردان، بەراورد بکەین و بەشێوەیەکی سەرەتایی هاوشێوەیی هەردووکیانمان بۆ دەربکەوێت."
 
دەشڵێت، "زەوی ساڵ دوای ساڵ گۆڕاوە و زیاتر پڕ بووەتەوە. هەروەها، لەبەرئەوەی پاشماوەکانی تیا زۆر قووڵن و تێکەڵ بە چەندین پێکهاتەی ناخی زەوی بوون، ئاشکراکردنیان کارێکی قورسە."
 
بەگوێرەی گوتەکانی ئەو توێژەرە، کاتێک تیا کێشاویەتی بە زەویدا، زەوی لەسەر ئەم شێوەیەی ئێستای نەبووە، هەربۆیە پاشماوەکانی تیا دوای ملیاران ساڵ تاوەکو قووڵایی سێ هەزار کیلۆمەتر چوونەتە خوارەوە.

 

 
دوو شوێن لەسەر زەوی دیاریکراون کە دەکرێت تیا لەو شوێنانەدا بەر زەوی کەوتبێت، یەکەمیان ژێر خاکی ئەفریقای باشوورە و دووەمیان لەنێو زەریای هێمندایە.
 
ئەو تیمەی توێژینەوەکەیان کردووە دەڵێن، هەنگاوی داهاتوویان بریتی دەبێت لە پشکنینی کیمیایی بۆ نموونەی مادەکانی زەوی و مانگ تا بزانن هەمان چڕیی و تایبەتمەندی یەکدییان هەیە؟ ئەگەر وابوو، ئەوا ئەنجامی توێژینەوەکەیان 100% دروست دەبێت.
 
ئەوە هەروا ئاسان نییە، تاوەکو ئێستا قووڵترین چاڵ کە لە زەوی هەڵکەندرابێت ناگاتە 13 کیلۆمەتر، لەکاتێکدا بەگوێرەی توێژینەوە تەکنەلۆجییەکە، ئەو مادانەی لە تیا بەجێماون دەکەونە نزیکەی سێ هەزار کیلۆمەتر لە قووڵایی زەویدا.
 
بە گوتەی ئەو توێژەرانە، هیوایەک هەیە کە هەندێکجار بەردی ئەو شوێنە قووڵانەی زەوی بەدەم شەپۆلی ئاوەوە بێنە سەرەوە و بگەنە لێواری زەریاکان، ئەوکاتە دەتوانن لە تاقیگەدا لەگەڵ ئەو نموونانەی مرۆڤ لەسەر مانگەوە بۆ زەوی هێناون، بەراوردیان بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موئەیەد عەبدولڕەحمان

دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد

دکتۆر موئەیەد عەبدولرەحمان قوچی، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی دەستەی گشتیی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان لە کەنەدا کۆچی دواییکرد و رۆژی چوارشەممە لە هەولێر کۆڕێکی ماتەمینی بۆ رێکدەخرێ.