prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە، تاوتوێی ئەو قەیرانە مرۆییەیان کرد کە بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دروستبووە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی یاوەریان لە تاشکێنت-ی پایتەختی ئۆزبەکستان کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوو سەرۆک تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تورکیا - ئێران و ئەو قەیرانە مرۆییەیان کردووە کە بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دروستبووە، لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی پێویستە بنرێن بۆ چارەسەرکردنی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کردووە کە کۆتاییهێنان بە هێڕشەکانی ئیسرائیل خزمەت بە ئاشتیی ناوچەکە و جیهان دەکات و پێویستە لەو لووتکە نائاساییەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی سازی دەکات، هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە.
ئەردۆغان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی تورکیا ئامادەی وەرگرتنی بەرپرسیارێتییە وەک گەرەنتیکار لەپێناو گەیشتن بە چارەسەر، بە پێویستی زانیوە جیهانی ئیسلامی هەڵوێستێکی هاوبەشی هەبێت و گوشارەکانی سەر ئیسرائیل زیاد بکات.
رۆژی 9ـی تشرینی دووەم، 16مین کۆبوونەوەی نائاسایی لووتکەی هاریکاری ئابووریی لە تاشکێنت-ی پایتەختی ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو.
رێکخراوی هاریکاری ئابووریی ساڵی 1985 لەلایەن پاکستان، ئێران و تورکیا دامەزرا. دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، هەریەک لە ئازەربایجان، کازاخستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان، کڕگیزستان، تاجیکستان و ئەفغانستان بوونە ئەندامی رێکخراوەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ