فەرحان حەق: بەرپرسیارێتی ئێمە لە عێراق گۆڕاوە و لایەنی سیاسی سەرژمێری کاری حکومەتی عێراقە

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو سەرژمێرییەی بڕیارە لە 20-11-2024 لەعێراق بکرێت هیچ رۆڵێکی سیاسی نییە، "ئێستا رۆڵی ئێمە لە سەرژمێریدا تەنیا رۆڵێکی تەکنیکییە".
 
فەرحان حەق کە رۆژی 9ی ئۆکتۆبەری 2024 لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە، رایگەیاند، ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت بیکات لەو سەرژمێرییەدا "بریتییە لە پێشکەشکردنی رێوشوێنی هاوچەرخ کە یارمەتی دەدات ئەنجامی سەرژمێرییەکە بە باشترین شێوە بڵاوبکرێتەوە و ئەنجامەکە بۆ مەبەستی داتای گەشەپێدان بەکاربهێنرێت".
 
ئێستا کورد لە کەرکووک داوا دەکەن کە ئەو 600 هەزار عەرەبەی لە ئەنجامی شەڕی داعش دا هاتوونەتە کەرکووک لەسەر ئەو پارێزگایە تۆمارنەکرێن چونکە دۆخێکی تایبەتی هەیە بەهۆی جێبەجێنەکردنی مادەی 140، بەڵام فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەوە دەڵێت، "ئەمە سەرئەنجام بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراق خۆیەتی و ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، چونکە بەرپرسیارێتی UNAMI گۆڕدراوە".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

 

هەڤپەیڤین: سینان تونجدەمیر 
 
 
رووداو: فەرحان، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. 
 
فەرحان حەق: سوپاس. 
 
رووداو: پێمخۆشە لە یەکەم پرسیارم دا بپرسم، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاسانکاریی یەکەم سەرژمێریی دوای ساڵی 1997 چۆن هاوکاریی عێراق دەکات؟  
 
فەرحان حەق: ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت بیکات، لەنێویشیاندا لەڕێگەی ئەوەی کە بە UNFPA ناسراوە، بریتییە لە پێشکەشکردنی رێوشوێنی هاوچەرخ کە یارمەتیی دەدات ئەنجامی سەرژمێرییەکە بەباشترین شێوە بڵاوبکرێتەوە و ئەنجامەکە بۆ مەبەستی داتای گەشەپێدان بەکاربهێنرێت. ئێستا ئێمە هەوڵدەدەین دڵنیاببینەوە لەوەی لەڕووی تەکنیکییەوە نوێترین شێوازی جێبەجێکردنی سەرژمێری بەکاربهێندرێت.  
 
رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان چۆن دەتوانێت دڵنیابێت لە سەرژمێرییەکی روون و بێلایەنانە کە دووربێت لە دەستتێوەردانی سیاسی؟ 
 
فەرحان حەق: لە بنەڕەتدا رۆڵی ئێمە رۆڵێکی تەکنیکییە. ئەوەی UNFPA دەیکات ئەوەیە میتۆدەکان بداتە حکومەتی عێراق. لە کۆتاییشدا ئەوە بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقە کە ئەو داتایە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی سەرژمێرییەکی روون بکات. ئێمەش هانی ئەوە دەدەین، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە توانای تەکنیکی بدەینە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی پرۆسەکە ئەنجامبدات.   
 
رووداو: پرسیاری سێیەمم ئەوەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان چۆن ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکانی پەیوەست بە سەرژمێری لە ناوچەکانی تایبەت بە ماددەی 140ـی دەستووری عێراق دا چارەسەر دەکات کە ناوچەی جێناکۆکن لای کورد و عەرەب؟
 
فەرحان حەق: ئەمە شتێکە کە لەکۆتاییدا بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقە. وەکو دەزانیت، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆتاییەکانی 2025ـدا کۆتایی بە ئەرکی هاوکاری و کارەکەی دەهێنێت و ئێستاش بەرپرسیارێتییەکەی کەمکراوەتەوە. بۆیە هەندێک لەو شتانەی باسیان دەکەیت ئیدی بەرپرسیارێتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نین. بۆ نموونە، سەرژمێری بەرپرسیارێتی UNAMI نییە، هەر بۆیە وەکو ئاماژەم پێدا، ئەوەی دەیکەین پشتیوانیی تەکنیکییە لەلایەن UN و UNFPAیەوە. پاشان ئەو شارەزایی و داتا تەکنیکییانە دەدرێنە حکومەتی عێراق. ئیدی ئەوە لەسەر حکومەتی عێراق دەبێت کە ئەوانە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی سەرژمێرییەکی روون و بێلایەنانە بکات. 
 
رووداو: دەمەوێت بپرسم، نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت چ رێوشوێنێک بگرێتەبەر تاوەکو لەو ناوچانەی وەکو کەرکووک پرۆسەیەکی دادپەروەرانە و روون جێبەجێبکرێت. لە کەرکووک گرفت هەیە، وەکو گرفتی عەرەبە هاوردەکان کە باسی 600 هەزار عەرەبی هاوردە دەکرێت. بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت چ رێوشوێنێک بگرێتەبەر؟ 
 
فەرحان حەق: ئێمە لە سەرژمێرییەکی لەوشێوەیەدا رۆڵی سیاسیمان نییە. وەکو گوتم، ئێستا رۆڵی ئێمە لە سەرژمێریدا تەنیا رۆڵێکی تەکنیکییە. ئێمە زانیاری لەسەر شێوازی ئەنجامدان و ژمارەیەکی دیار لە کەسانی شارەزا دابین دەکەین بۆ ئەوەی بتوانرێت بە متمانەپێکراوترین و روونترین شێوە سەرژمێرییەکە بکرێت. ئێمە هەوڵدەدەین لەسەر بڵاوکردنەوە و چۆنیەتیی بەکارهێنانی داتاکانەوە هاوکاری بکەین، بەڵام دەیڵێمەوە، ئەمە سەرئەنجام بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراق خۆیەتی و ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، چونکە بەرپرسیارێتی UNAMI گۆڕدراوە.
 
رووداو: لە کاتێکدا لەم رۆژانەدا سەرژمێری وەکو جۆرێک لە گرفتی لێهاتووە بەتایبەتی بۆ کورد و هەڕەشەی بایکۆتکردنی سەرژمێری دەکەن ئەگەر ئەو 600 هەزار عەرەبە هاوردەیەی لەلایەن داعشەوە راونران بۆ کەرکووک هەر بە پێداگیرییەوە لەسەر کەرکووک تۆماربکرێن. کورد لەو بڕوایەدایە کە پێویستە عەرەب لەسەر ئەو شوێنانە تۆماربکرێن کە لێیانەوە هاتوون. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کەرکووک ناوچەیەکی کێشەلەسەرە، پلانی ئێوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم نیگەرانییەی کورد چییە؟ 
 
فەرحان حەق: بەدرێژایی ساڵان نەتەوە یەکگرتووەکان هانی حکومەتی عێراقی داوە کە پەیوەندیی لەگەڵ هەموو پێکهاتە و کۆمەڵگەکانیدا هەبێت و بە هەستیارییەوە بەرامبەر بە نیگەرانییەکانیان بجووڵێتەوە، بەڵام دەیڵێمەوە کە رۆڵی ئێمە لە سەرژمێریدا رۆڵێکی تەکنیکییە. بۆیە ئێمە لەوە زیاتر رۆڵمان نابێت و سەرئەنجام رۆڵەکەمان دابینکردنی شارەزاییە بۆ حکومەتی عێراق. 
 
رووداو: بەڵام ستێفان دێمستوورا کە دڵنیام دەیناسیت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە عێراق، لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی کوردستان بەڵێنیدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140. ئایا نابێت نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم مەترسییەی پەیوەست بەو بابەتە لەبەرچاو بگرێت و وەڵامی داخوازیی خەڵکی کورد بداتەوە؟ 
 
فەرحان حەق: دەیڵێمەوە، ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە دڵنیا ببینەوە لەوەی کە بەرپرسە پەیوەندیدارەکان لە عێراق و حکومەتی عێراق بەرامبەر بە داخوازییەکانی هەموو بەشە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگەی عێراقی هەستیاربن. دەمانەوێت مامەڵەی لەگەڵ هەموو کۆمەڵگەکاندا هەبێت و، هانیان دەدەین ئەوە بکەن، بەڵام سەرژمێری بۆ ئێمە شتێکە کە لە ئاستی تەکنیکیدا پەیوەندیمان پێوەی هەیە. بەپێی ئەو بەرپرسیارێتییەی ئێستا هەمانە، لەوە زیاتر ناڕۆین. 
 
رووداو: زۆر سوپاس، بەڕێز فەرحان حەق. 
 
فەرحان حەق: سوپاس.