خانمە نووسەرێکی کۆریای باشوور بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ رایگەیاند، هان کانگ، نووسەری کۆریای باشوور بەهۆی نووسینی رۆمانی "رووەکخۆرەکە" کە باس لە چیرۆکی کەسێک دەکات کە وازهێنانی لە خواردنی گۆشت هێناوە، بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب.
 
رۆژی پێنجشەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2024، لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ بڵاویکردەوە، بەهۆی "کارە بەردەوامەکانی لە نەهێشتنی ترس و لاوازییەکانی ژیان" هانگ کانگ، نووسەری کۆریای باشوور بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ، خەڵاتەکەش بۆ نووسینی رۆمانی "رووەکخۆرەکە" بووە.
 
رۆمانی رووەکخۆرەکە لە ساڵی 2007 بڵاوکراوەتەوە. لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ساڵی 1997ـی هان نووسراوە. چیرۆکەکەی سەبارەت بە ژنێکە کە دوای ئەوەی شەوێک خەوێکی ناخۆش و خوێناوی دەبینێت، بڕیار دەدات واز لە خواردنی گۆشت بهێنێت. ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیان و رەفتاری داهاتووی دەبێت. 
 
لیژنەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم رۆمانە دەرخەری راستەقینەی شێوازی بیرکردنەوەی رۆژهەڵاتییەکانە.
 
بەهای ئەو خەڵاتەی دەدرێتە براوەی نۆبڵ بۆ ئەدەب، یەک ملیۆن دۆلارە.
 
پار جۆن فۆسێی، نووسەری نەرویجی بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب. فۆسێی توانیبووی شێوازێکی نوێ لە گەیاندنی پەیام لە شانۆدا پەیڕەو بکات. 
 
دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ رۆژی دووشەممە دەستیپێکردووە و شەش رۆژ بەردەوام دەبێت. خەڵاتەکان لەسەر داوای ئەلفرێد نۆبڵ، زانای سوێدی داهێندراوە. خەڵاتەکانی نۆبڵ تاوەکو ئێستا 117 جار دابەشکراون. 
 
سەرجەم خەڵاتەکانی بوارەکان لە ستۆکۆڵمی سوێد دابەشدەکرێن، تەنیا خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی نەبێت، کە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دابەشدەکرێت.