راتان تاتا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی گرووپی تاتا کۆچی دوایی کرد

رووداو دیجیتاڵ

راتان تاتا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی گرووپی تاتا کە یەکێکە لە گرووپە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی هیندستان، لە تەمەنی 86 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری مۆمبای کۆچی دوایی کرد.
 
نارێندا موودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان سەبارەت کۆچی دوایی تاتا رایگەیاند ''ئەو کەسێکی ئیلهامبەخش، بە بەزەیی و مرۆڤێکی نایاب بوو.''
 
گرووپی تاتا لە نزیکەی 100 کۆمپانیا پێکدێت، گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلە لە هیندستان، هەروەها خاوەنی گەورەترین کارگەی ئاسن و پۆڵایە لەو وڵاتە.
 
گرووپی تاتا لەسەر ئاستی جیهاندا 350 هەزار کارمەند و کرێکاری هەیە.
 
تاتا، هەروەها خاوەنی براندی ئۆتۆمبێلی لاندرۆڤەر و جاگوارە کە لە ساڵی 2008 بە 2.3 ملیار دۆلار کڕی.
 
گرووپی تاتا، جگە لەوانە دامەزرێنەری پیشەسازیی فڕۆکەوانییە لە هیندستان. لە ساڵی 1932 هێڵێکی ئاسمانیی دامەزراند کە دواتر حکومەتی هیندستان کڕییەوە، هێڵە ئاسمانییەکە ئێستا بە 'ئەیر ئیندیا' دەناسرێت و گرووپی تاتا لە ساڵی 2021 هێڵە ئاسمانییەکەی لە حکومەتی هیندستان کڕییەوە.
 
بەهای گرووپی تاتا بە نزیکەی 300 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
راتان تاتا، نەوەی جەمشید تاتایە کە لە ساڵی 1868 گرووپی تاتای دامەزراند و بە باوکی پیشەسازیی هیندستان دەناسرێت.
 
جەمشید تاتا کەسایەتییەکی زەردەشتییەوە وەک یەکێک لە کەسایەتییە مێژووییە کاریگەرەکانی هیندستان دەناسرێت.