گاڵتەکردن بە پێنس.. کەمپەینی بایدن، مێشکوژ دەفرۆشن

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە دیبەیتی نێوان جێگرانی بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا مێشێک بۆ ماوەی دوو خولەک لەسەر سەری مایک پێنس نیشتەوە، جۆ بایدن وەکو "گاڵتەکردن" بەو بابەتە وێنەیەکی لە توویتەرەکەی بڵاوکردەوە و کەمپەینی فرۆشتنی مێشکوژی راگەیاند.
 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەرەکەی وێنەیەکی 2019ـی بڵاوکردووەتەوە کە مێشکوژێکی بە دەستەوەیە و نووسیویەتی، "بە پێنج دۆلار پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ بەشداری لە کەمپەینی مێش". دواتر گوتەبێژی کەمپەینەکە رایگەیاند، لە ماوەی چەند کاژێرێکدا نزیکەی 35 هەزار مێشکوژ فرۆشراوە کە نرخی هەریەکەیان 10 دۆلارە.
 
ئەو مێشەی لەسەر سەری پێنس نیشتەوە دەنگدانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا، پێش تەواوبوونی دیبەیتەکە نزیکەی 400 هەزار توویت لەبارەی مێشەکە کرا. 

 

هەروەها هەژمارێکیان لە توویتەر بەناوی "MikePenceFly" دروستکرد کە لەماوەی چەند خولەکێکدا زیاتر لە 11 هەزار کەس فۆڵۆویان کرد.
 
یەکێکی دیکە لە کاردانەوەکان لەلایەن راند پاول، سێناتۆری ئەمریکییەوە بوو کە لە هەژماری توویتەرەکەی نووسیویەتی، "حکومەت مێشێکی لەسەر جێگری سەرۆکی ئەمریکا داناوە، سیخوڕیی نایاسایی لە کۆنترۆڵ دەرچووە".
 
دووه‌م دیبه‌یتی كۆماری و دیموكراته‌كان لە 7ـی تشرینی یەکەم لەنێوان کامالا هاریس، جێگری جۆ بایدن و مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەچوو. ژمارەی ئامادەبووانی دیبەیتەکە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بەراورد بە ساڵانی دیکە کەمتر بوو و تەنیا 150 بۆ 200 کەس ئامادەبوون و بەربژێرانیش نزیکەی چوار مەتر لە یەکدییەوە دوور بوون.
 

مێشێک بەسەری مایک پێنسەوە لەکاتی بەڕێوەچوونی دیبەیتەکەی جێگری بەربژێرانی سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ بۆ ماوەی زیاتر لە دوو خولەک مێشێک بە سەرییەوە بوو.

A post shared by Rudaw (@rudaw) on