پیاوێکی بەریتانی باڵەخانەی ئەو بانکە دەکڕێت کە پێشتر رازی نەبووە پارەی بە قەرز پێبدات


رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی بەریتانی لە تەمەنی 21 ساڵی بۆ دامەزراندنی کۆمپانیا تایبەتەکەی سەردانی بانکێک دەکات و داوای قەرز دەکات، بەڵام قەرزی پێنادەن. دوای 18 ساڵ باڵەخانەی بانکەکە دەکڕێت و ئێستا بازرگانێکی گەورەی وڵاتەکەیەتی.
 
ئادەم دیرینج ئەو پیاوە بەریتانییەیە کە تەمەنی 39 ساڵە، لە ئینستاگرامی خۆی پۆستێکی کردووە و باسی رووداوەکە دەکات کە چۆن پێش 18 ساڵ دەچێتە بانکێک و داوای قەرزیان لێدەکات و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بانکەکە، رازی نەبوون قەرزەکەی پێبدەن.
 
ئادەم بەمشێوەیە چیرۆکەکە باسدەکات، پێش چوونە ژوورەوەی بۆ بانکەکە هیچ بیرۆکەیەکی نەبووە کە چۆن خەونەکە بەدی بهێنێت، بەڵام دەیزانی کە پێویستە کۆمپانیایەکی هەبێت و لە سفرەوە دەستپێبکات، پلانەکە لەگەڵ سەرۆکی بانکەکە باسدەکات و داوای 10000 یۆرۆ دەکات. بەڵام وەک خۆی دەڵێت "بەرپرسانی بانکەکە بیرۆکەکەمیان بەجیددی وەرنەگرت و گوتیان کێشەکە ئەوەیە تۆ بچووکیت و ئەزموونی بازرگانیت نییە، ئەوەش شتێک نییە ئێستا بتوانین قەرزت پێبدەین".
 
ئادەم دیرینج ئەگەرچی دڵنیابووە لە تواناکانی خۆی کە دەتوانێ بە دامەزراندنی کۆمپانیایەک سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام پارەی نەبووە تەنانەت مێز و کورسی بۆ نووسینگەکەی بکڕێت. وەڵامی بانکەکەش زۆر خەمباری دەکات، بەڵام کۆڵ نادا.
 
دوای ئەوەی داواکارییەکەی لەلایەن بانکەوە رەتدەکرێتەوە، بە کۆتا مووچەی نووسینگەیەکی بچووک بەکرێ دەگرێت. دەڵێت "تەنیا توانیم تەلەفۆنێک بۆ نووسینگەکەم دابین بکەم، لەسەر زەوی دادەنیشتم و تەلەفۆنم بۆ خەڵک دەکرد. ئەوە چوار مانگە زۆر زەحمەت بووە لە ژیانمدا". ئادەم دەڵێت، "نەمدەزانی کە دەتوانم کۆمپانیاکەم پێبگەیێنم یان نا، زۆر کات هەستمدەکرد کە ئەوە کۆتاییە و ناتوانم بگەمەخەونەکەم، بەڵام کۆڵم نەدا".
 
هەوڵی بەردەوام و کۆڵنەدان وایکرد لەساڵی 2014  کۆمپانیاکەی بە 5 ملیۆن پاوەند بفرۆشێت، ئادەم ئێستا خاوەنی پێنج کۆمپانیایە و بازرگانێکی گەورەی وڵاتەکەیەتی. لە دوو هەفتەی رابردووشدا باڵەخانەی بانکی RBS لە ئارمستۆنی مانچیستەری گەورە بە 450 هەزار پاوەند دەکڕێت کە پێشتر قەرزەکەی پێنەداوە و وێنەیەکیش لەبەردەم دەرگاکەیدا دەگرێت.
 
 

لەکۆتایی پۆستەکەیدا ئادەم دیرینج رۆژی کڕینی باڵەخانەی بانکەکە بە رۆژێکی گەورە بۆ خۆی ناوی دەبات و دەڵێت: "لەبیرتان بێت، دۆخی ئێستای ئێوە هەرگیز کۆتایی رێگەکەتان نییە".