نەبوونی ژیریی دەستکرد لە ئایفۆنە نوێیەکان بەکارهێنەران لە چین بێهیوا دەکات

10-09-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەپڵ رۆژی دووشەممە زنجیرەی ئایفۆن 16ی راگەیاند، بەڵام بەهۆی بەردەستنەبوونی ژیریی دەستکرد لە چین، رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە و رکابەرییەکەی لەگەڵ هواوەی سەختتر دەبێت. 
 
ژیریی دەستکرد یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی ئایفۆنە نوێیەکەی ئەپڵ پێی دەنازێت، بەڵام تاوەکو ساڵی داهاتوو، ئەم تایبەتمەندییە بۆ چین بەردەست نابێت. ئەوەش وایکردووە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک وەیبۆ، لە لایەن بەکارهێنەرانەوە رەخنەی تووندی لێ بگیرێت. 
 
ئەو هاشتاگانەی باس لە نەبوونی ژیریی دەستکرد لە ئایفۆنەکانی چیندا دەکەن، لە ماوەی چەند کاژێری کەمدا لەلایەن ملیۆنان کەسەوە بینران و کۆمێنتیان لەسەر درا. 
 
وێڕای ئەم کەموکوڕییەش، ئەپڵ لە نرخی ئایفۆنەکانی لە چین، هەمان ستراتیژیی زنجیرە ئایفۆنەکانی پێشووی پەیڕەو کردووە. بەڵام رووبەڕووی رکابەرایەتیی سەخت لەگەڵ هواوەی دەبێتەوە، لە کاتێکدا کۆمپانیا زەبەلاحە چینییەکە خۆی بۆ راگەیاندنی موبایلێک ئامادە دەکات کە دەتوانێت سێ جار بنوشتێنرێتەوە. 
 
شرۆڤەکارانی تەکنەلۆجیا پێشبینی دەکەن نەبوونی ژیریی دەستکرد کاریگەریی دەستبەجێی لەسەر فرۆشی ئایفۆنە نوێیەکان نەبێت، بەڵام دەکرێت ببێتە کۆسپێک بۆ لێهاتوویی ئایفۆنەکان لە ماوەی درێژخایەندا. 
 
وێڕای ئەوەی نەبوونی ئەو تایبەتمەندییانە ناڕەزایی بەکارهێنەرانی ئایفۆنی لێکەوتووەتەوە، چاوەڕێدەکرێت سیستمە بەهێزەکەی کارپێکردنی ئایفۆن و هەوادارانی بەرهەمەکە، فرۆشی بە بەرزی بهێڵنەوە. 
 
لەبەرئەوەی چاوەڕێدەکرێت ئەوانەی ئایفۆنی کۆنیان هەیە دەیگۆڕن بۆ نوێیەکان، کاریگەریی دەستبەجێی ئەوتۆ نابێت. 
 
بەڵام لەبەر ئەوەی ژیریی دەستکرد بووەتە پێوەرێکی نوێی نایابی، شکستهێنانی ئەپڵ لە بەردەستکردنیدا دەبێتە مەترسییەک بۆ سەر زنجیرەی ئایفۆن شازدەکەی، بە دیاریکراویش لە کاتێکدا کە هواوەی تواناکانی خۆی لە ژیریی دەستکرددا بە هەنگاوی گەورە، پەرە پێداوە. 
 
لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا، پێشکەوتنەکانی هواوەی، لە نێویاندا راگەیاندنی ئەو موبایلەی کە سێ جار دەنووشتێنرێتەوە، وایکرد کۆمپانیا چینییەکە ببێتە سێیەم پڕفرۆشترینی وڵاتەکەی و لە پێش ئەپڵی دایەوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: بە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی ئازەربایجان زۆر خەمبار بووم

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "زۆر خەمباربووم بە رووداوی تراجیدیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەرباجیان لە کازاغستان، هاوخەمم و نزا بۆ ئەوانە دەکەم کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە کاریگەر بوون."