لە تونس 33 کۆچبەری دیکەی عێراقی دەستگیر کران
رووداو دیجیتاڵ
لە تونس 33 کۆچبەری دیکەی عێراقی دەستگیر کران و بڕیاری دادگەی تونسیش لەبارەی 14 کۆچبەرەکەی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا.
عومەر بەرزنجى، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بۆ کاروباری یاسایی و پەیوەندییە فرەلایەنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 10ى ئەیلوول، 33 کۆچبەری عێراقی لە تونس دەستگیر کران، "تائێستا دیارنییە کوردیان تێدایە یان نا."
ئەو 14 کۆچبەرەى هەرێمى کوردستان کە لە تونس دەستگیر کرابوون، ئەمڕۆ دادگەیی کران. عومەر بەرزنجى گوتی، "دادگە بڕیارەکەی بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دواخستووە."
ئەو 14 هاونیشتمانییەى هەرێمى کوردستان دوو هاووڵاتیى تونسییان لەگەڵدا بووە، کاتێک ویستوویانە بە قاچاخ لەو وڵاتەوە بەرەو ئەورووپا بچن.
عومەر بەرزنجى گوتى، "پێشبینی دەکەین ئەو 14 کۆچبەرە ئازاد بکرێن، چونکە سزاى بەندکردنەکەیان بە هێندەى ئەو ماوەیە کە بەر لە دادگاییکردنیان لە گرتووخانە بوون."
14ی حوزەیرانی ئەم ساڵ تونس لابردنی ڤیزەی لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی راگەیاند، ئەو هەنگاوە گەشتکردنى بۆ ئەو وڵاتە ئاسان کرد، هەندێک لە کۆچبەران هەوڵدەدەن لە رێگەى ئەو وڵاتەوە بەرەو وڵاتانى ئەورووپا کۆچ بکەن.
تونس یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆچبەران بەکاریدەهێنن بۆئەوەی بە دەریای نێوەڕاستدا بپەڕنەوە و خۆیان بگەیێننە ئەورووپا.