بەهۆی تێکچوونی فڕۆکەکەی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە هیندستان گیردەخوات
رووداو دیجیتاڵ
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و تەواوی شاندی حکومەتی وڵاتەکەی کە بەشدارییان لە لووتکەی جی 20 کردبوو لە شاری نیودەلهی پایتەختی هیندستان، ناچاربوون بۆ ماوەی 24 کاژێری دیکە لەو شارە بمێننەوە، بەهۆی ئەوەی فرۆکە تایبەتییەکەی سەرۆکوەزیران تێکچوو.
رۆژی یەکشەممە، 18ی ئەیلوولی 2023، بەرپرسانی کەنەدی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی وڵاتانی جی20 لە هیندستان، بڕیاربوو بەیانیی رۆژی یەکشەممە، جەستن ترودۆ بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە فرۆکەکەیدا، گەشتەکەی دواکەوتووە و ناچاربووە هەر لە هیندستان بمێنێتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای کەنەدا لە نیودەلهی لەبارەی کێشەی فرۆکەکەی تردودۆ رایگەیاند، هێزی ئاسمانی کەنەدی کە سەرپەرشتیاری فرۆکەکەی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەکات، پێیڕاگەیاندوون، فرۆکەکە کێشەی تەکنیکی هەیە و ناتوانن گەشتەکە بکەن، تا ئاوکاتەی چاکی دەکەنەوە.
لەوبارەیەوە، کۆمیسیۆنی باڵای کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، "کێشەکە هەندێک ئاڵۆزبووە بۆیە زوو چارەسەر نەکراوە، شاندەکەمان رۆژێکی زیاتر لە هیندستان دەمێنێتەوە، تائەوکاتەی رێگەچارەیەکی دیکە دەدۆزینەوە".
میدیای کەنەدی، فرۆکەکەی سەرۆکوەزیرانی بە جۆری ئێرباس ناساندووە و بڵاویشیانکردووەتەوە جارێ کاتی گەڕاندنەوەی تردودۆ دیارنییە و ئاشکراشیان کردووە لەرابردوودا ئەو فرۆکەیە کێشەی هەبووە.
بەشداریکردنی ترودۆ لە لووتکەی جی20، لە دوای گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان کەنەدا و هیندستان دێت، بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکەی ئایینی هیندییەکان لە کەنەدا دەژی و ئەو کەسایەتییە بەردەوام گوتاری جوداخوازی و نەتەوەپەرستی دژی حکومەتی هیندی بڵاودەکاتەوە و رایگەیاندووە پێویستە سیخییەکانی هیندستان لە باکووری ئەو وڵاتە، وڵاتێکی تایبەت بەخۆیان هەبێت. ئەمەش دەسەڵاتدارانی هیندستانی تووڕە کردووە و هەروەها حکومەتی کەنەداشیان تۆمەتبار کردووە بەوەی چاوپۆشیان لە لێدوانەکانی ئەو کەسایەتییە کردووە.