تورکیا داوا دەکات لە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە رووسیا پەراوێز نەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، نابێت رووسیا لە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکراینا پەراوێزبخرێت.
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئەیلوولی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لە کاتی کۆتاییهاتنی لووتکەی جی20 رایگەیاند: "هەر هەوڵێک بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی ناردنی گەنم بە دەریای رەشدا، رووسیا تێیدا پەراوێزبخرێت سەرکەوتوو نابێت."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەیەک لەنێوان نوێنەرانی رووسیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆکراینا بە ئامانجی نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە ئەنجامدەدرێت بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە بکات.
پار بە نێوەندگیریی تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان، رووسیا و ئۆکراینا رێککەوتنێکیان بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکراینا بە دەریای رەشدا واژۆکرد و رێککەوتنەکە لە 17 تەممووز جێبەجێکرا و بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوامبوو.
دوای ئەوەی رووسیا بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانییەوە ئامادەنەبوو رێککەوتنەکە درێژبکاتەوە، رێککەوتنی هەناردەکردنی گەنم و دانەوێڵە لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا نوێنەکرایەوە، ئەوەش بە گوێرەی راگەیێندراوێکی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا. یەکێک لە مەرجەکانی روودسیا نەهێشتنی رێگری بوو بۆ هەناردەکردنی بەروبوومە خۆراکییەکانی وڵاتەکەی.
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە (فاو) رایگەیاند: بەهۆی رێککەوتنی گەنمی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە 33 ملیۆن تۆن گەنمی ئۆکراینا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرا، ئەوەش نرخی خۆراکی لە بازاڕەکاندا بە رێژەی نزیک لە 20٪ دابەزاند.