رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی مەغریب گیانیان لەدەستداوە بۆ 2012 کەس بەرزبووەوە و 2 هەزار و 59 کەسی دیکەش بریندارن.
وەزارەتی ناوخۆی مەغریب ئەمڕۆ (یەکشەممە، 10-9-2023) بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە بۆ 2 هەزار و 12 کەس بەرزبووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەکە بەرزتریش بێتەوە، چونکە گەڕان لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا بەردەوامە و لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند کاژێرێک، چاوەڕێ دەکەن ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکە بە مردوویی بدۆزرێنەوە.
وەک وەزارەتی ناوخۆی مەغریب دەڵێت، هەر لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا دوو هەزار و 59 کەس بریندار بوون و دۆخی تەندروستی 1404 کەسیشیان جێگیر نییە.
هاوکات رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەر 300 هەزار کەس لە ناوچە جیاوازەکانی مەغریب هەبووە.
بوومەلەرزەکە درەنگانی شەوی هەینی (8-9-2023) کاژێر 11:00ـی شەو بە کاتی مەغریب (یەکی بەرەبەیانی شەممە 9-9-2023 بەکاتی هەولێر) لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە روویدا.
بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 18.5 کیلۆمەتر بوو و ناوچەکانی حەوز، مەراکیش، وەرزەزات، ئەزیلال، شیشاوە و تارودانتی گرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ